
عەبدوڵا قازی کوڕی حاجی قازی کەریم، کوڕی قازی مونعیم و دایکی حاجی هاجەرە خانمی ڕەحیمی کچی مەلا عەلی ڕەحیمی قازی، لە ڕۆژی شەشی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی (١٩٢٥ی زایینی) لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. عەبدوڵا قازی خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی سەعادەتی مەهاباد تەواو کرد. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە ئەندامی یەکێتی لاوانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان و بە پێی نەریتی ئەم یەکێتییە، سوێندی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان خوارد تا کۆتا هەناسەی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پێشەوا قازی بمێنێ و بەرگری لە خاکی نیشتمان بکا. عەبدوڵا لە کار و ئەرکەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا چالاکانە بەشداری کرد. هەر ئەوکات لەگەڵ ٣٣ کەسی تر لە گەنجانی کوردستان بۆ فێربوونی زانستی سەربازی ئەو سەردەم، ڕەوانەی تەورێز لە کۆماری ئازەربایجان کرا.
زۆری نەخایاند بە هۆی بارودۆخی سیاسی جیهانی و ناوچەیی و پلانی قەوام (سەرۆکوەزیرانی ئەو کات) و بە هاوکاری ستالین، کۆماری کوردستان و ئازەربایجان کۆتاییان پێهات. دوای ڕووخانی کۆماری ئازەربایجان و هێرشی سپای ئێران بۆ ناوچەکە، عەبدوڵا لە نزیکەوە و بە چاوی خۆی کوشت و کوشتاری بێبەزەییانەی هێزەکانی ئێران لە ئازەربایجانی دیت. زۆر بە زەحمەت توانی لەگەڵ چەند هاوڕێی کورد خۆیان لەم کوشتارە دەرباز بکەن و بگەڕێنەوە مەهاباد. دوای گەڕانەوەی بۆ مەهاباد، لەوێش شاهیدی ڕووخانی کۆشک و قەڵای کۆماری کوردستان بوو، کۆمارێک کە بۆخۆیان لە دروست کردن و پەرە گرتنیدا ڕۆڵیان هەبوو.
عەبدوڵا قازی دوای تەواوی کردنی سەربازی، لەگەڵ زینەت خانمی کەریمی قازی کچی میرزا مەسعود هاوسەرگیری کرد و بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان ٩ کوڕ و ٤ کچ بوو بە ناوەکانی: ئامینە، ڕوقیە، جەمیلە، ڕووناک_ فەتاح، قاسم، کەریم، عەلی، ڕەشید، لوقمان، ڕەسووڵ، سەلاح، ئیسماعیل.
زینەت خانم نە تەنیا هاوسەرێکی دڵسۆز، بەڵکوو پشتیوان و هاوڕێی نزیکی حاجی عەبدوڵا لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا بوو. بە بوونی ئەم هاوسەرە بە ئەمەگ و لێزانە بوو کە مناڵەکان لە بێ ئیمکاناتی ئەو سەردەم و لە ژیانی لادێیدا بە باشی پێبگەن و بخوێنن. بەشێکی گرینگی کار و خزمەتەکانی حاجی عەبدوڵا بۆ بزوتنەوەی کورد لە ژێر سێبەری زینەت خانمدا بەڕێوە دەچوو.
عەبدوڵا بە هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و لێک بڵاوبوونی شیرازەی سیاسی کورد کۆڵی نەدا و دووبارە لە بزوتنەوەی ساڵەکانی ٤٧_٤٦ی هەتاویدا بەشداری کرد، ماڵەکەی لە گوندی کۆنەدێ مەکۆی پێشمەرگە و ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی بوو و بە هەموو توانایەوە دەستی لە گەیاندنی یارمەتی و هاوکاری دارایی و مرۆیی بەم بزوتنەوەیە نەدەپاراست. هەر بەم بۆنەوە بە دەیان جار لە لایەن ڕوکنی دووی ئەرتەش و ژاندارمەری ئێران بە توندترین شێوە دەکەوتە بەر لێپێچینەوە. ئەم گوشارانە وای لێهات تەنانەت لەسەر پۆشینی جلوبەرگی کوردی و دیوانە شێعری تاریک و ڕوونی مامۆستا هێمن دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرا.
عەبدوڵا قازی پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و ئاشکرا بوونی چالاکی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان، دەستی کردەوە بە خەبات و کاروچالاکییەکانی پەرە پێدا، لەم ڕێگەیەدا بە ماڵ و بە گیان و بەهەر شێوەیەکی لە دەستی هاتبا هاوکاریی حیزبی دەکرد و ئەو سوێندی بە گەنجێتی خواردبووی ئێستاش و تا کۆتایی ژیانیش پێی پایبەند مایەوە. ئەم چالاکییانەی تا ڕادەیەک بەرچاو بوو کە دوای دەیان ساڵ وردی زمانی زۆربەی خەباتکارانی ئەو سەردەمە و هەر بۆیە لە ماوەی ٣ ساڵدا چەندین جار ماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری ئێران تاڵان کرا و ماڵ و مناڵی کەوتنە دۆخێکی نالەباری ژیان. بۆخۆی پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو و دوای ماوەیەک، بە هۆی نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەن، گەڕاوە و گوندە وێران بووەکەی ئاوەدان کردەوە و هاوکات دەستی کردەوە بە یارمەتیدانی خەباتگێڕانی کورد. ئەمە وایکرد دوو جار (جارێک ٢ مانگ، جارێک ٦ مانگ) بە تەمەنی پیری دەستبەسەر بکرێ و لە زیندان ڕابگیرێ.
عەبدوڵا کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، وردبین و ماندوونەناس، تێکۆشەر و هۆگری خوێندنەوە و زانست و گەڕان و سەفەر بوو. لە بواری زانستی ئایینی شارەزایی باشی هەبوو و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی بەردەوام لە هاتوچۆ و ڕاوێژدا بوو و زۆربەی کات، لە مزگەوتەکانی شار و دێهاتی ناوچە بە بۆنەی جۆراوجۆر وتاری پێشکەش دەکرد. لە وتارەکانیشیدا زیاتر ڕەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕەنگی دەداوە.
عەبدوڵا قازی، لەژێر کاریگەری چڕی کەسایەتی برا گەورەکەی واتە ڕەحمان قازی بوو. ڕەحمان قازی، شاعیر، نیگارکێش، خۆشنووس و کەسایەتی کۆمەڵایەتی مەهاباد بوو. عەبدوڵا زۆر جار ئەو بەسەرهاتەی دەگێڕاوە کە لە دەراوی چۆمی قازیاوا، کاتێک بەڕەک هێرشی بۆ دەکا و دەیهەوێ بە شفرە هەڵدڕ هەڵدڕی کا، هەنگێوەیی ڕەحمانی برای ڕزگاری دەکا کە لە دوورەوە بە تفەنگی بڕنۆ بەرازەکە دەکوژێ و بەو جۆرە لە مردن دەربازی دەکا.
کەسایەتی و ژیانی عەبدوڵا قازی بە جۆرێک بوو کە بۆتە هەوێنی کتێبی نووسەرانی وەک کاک سیامەند شیخ ئاقایی و لە نووسراوەی کەسانی دیکەشدا خۆ دەنوێنێ.
ئەحمەد قازی، سیاسەتوان، وەرگێڕ، ڕۆژنامەنووس و شاعیری گەورە و برای بچووکی عەبدوڵا، لە لاپەڕەی ۱٥ی دەستنووسی کتێبی “لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان”دا لەسەر عەبدوڵای برای دەنووسێ: عەبدوڵا قازی سەرەتا لە لای میرزا و مەلای گوند بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ سەوادی خوێندن و نووسینی وەدەست هێنا و دواتر لە مەهاباد تا پلەی شەشی سەرەتایی خوێند و لە گوندەکەی خۆی بە ناوێ کۆنەدێ بوو بە مامۆستای خوێندنگە. سەرەڕای ئەوەی پلەیەکی بەرزی لە خوێندندا نەبوو بەڵام خوێنەرێکی لەزەبر و ماندوونەناس بوو، لە خوێندنەوەی کتێبەکانی مێژوویی، ئەدەبیات، جوغرافیا و ئایینی زانستێکی باشی پەیدا کردبوو و هەروەها لە قورئان و زانستی دینی و شەریعەتدا خۆی بە ئاستێکی باڵا گەیاندبوو. خۆی سەرپەرشتیی مزگەوتی قازی دەکرد و هەر لەوێ وانەکانی قورئانی بە تەفسیر و لێکدانەوەوە بە فێرخوازان دەکوتەوە و کلاسێکی باشی بەڕێوە دەبرد. کۆی گشتی ئەمانە وای کردبوو لە هەر کۆڕێکدا بیر و ڕای تایبەت بە خۆی هەبێ و لەسەر ڕووداوەکان بدوێ.
جگە لەو تایبەتمەندیانە، عاشقی کشتوکاڵ و دار و باغ بوو و بە هەموو تواناوە سەرقاڵی گەشە پێدان و بوژاندنەوەی شیناوەرد و سروشتی دڵگری موچە و مەزرای گوندەکەی خۆی بوو.
ئەوینداری بە ئایینی ئیسلام و پێداگری لەسەر ئەم دینە، یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی کەسایەتی ئەو بوو. بەو پێیەش دوو جار زیارەتی ماڵی خودای کرد. دڵفراوان و دەست بەخێر بوو و لە یارمەتیدانی کەسانی فەقیر و دەستەنگ سڵی نەدەکرد.
هەروەها نیشتمانپەروەری عەبدوڵا کاری لەسەر کۆی گشتی بنەماڵەی کرد بە جۆرێک بە خۆی و کوڕەکانی شانیان وەبەر باری قورسی خەبات دا و لەو ڕێگەیەشدا تووشی گرفت و مەترسی گەورە هاتن.
عەبدوڵا قازی لە ساڵی ۲۰۰۱ی زایینی گەشتێکی ئوروپای کرد و ئەو سەفەرە بە یارمەتی قاسمی کوڕی بوو بە مایەی شاکارێکی مێژوویی و ئەدەبی. لە ماوەی مانەوەی لە ئوروپا کتێبێک لە دایک بوو بە ناوی “وڵاتی من”، کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی ژیانی حاجی عەبدوڵا و هاوکات بەشێکی گرینگ لە مێژووی ناوچەی موکریان. وڵاتی من بەسەرهاتی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ و ڕووداوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی بە وردی دەگێڕێتەوە، باس لە سەردەمی کۆماری کوردستان تا ڕۆژانی شۆڕشی ئێران و شەڕ و هاڵۆزی کوردستان دەکا.
عەبدوڵا قازی لە گەشتێک بۆ شاری هەولێر، ناوەندی هەرێمی کوردستان، بە دیتنی ئاڵای کوردستان کە لە هەموو شوێنێک دەشەکێتەوە، چاوەکانی پڕ دەبن لە ئەسرین، بە ئاسپایی ئاڵایەک دێنێتە خوار و ماچی دەکا و دەڵێ خۆشحاڵم پێش مردنم دەبینم کە هەڵکراوی و لەسەر بەشێک لە خاکی کوردستان دەشەکێیەوە.
سەرەنجام حاجی عەبدوڵا قازی، لە ڕێکەوتی ۱۳٨٨/٥/٢٢ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵی چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانا و لە گۆڕستانی خانەقای شێخی بورهان بە خاک ئەسپێردرا. حاجی عەبدوڵا بە کۆچی دوایی خەمێکی گەورەی بۆ خزم و ئازیزانی بەجێهێشت
