قادر فەتاحی قازی

مامۆستا قادر فەتاحی قازی

قادر فەتاحی قازی لە ڕێکەوتی ١٣١٤/٦/٤ی هەتاوی (١٩٣٥/٨/٢٧ زایینی) لە گوندی “قزڵجەی سەرێ” سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بوو. قزڵجە موڵکی باپیری واتە “میرزا ڕەسوڵ” بووە و لە ١٥ کیلۆمەتری باشوری ڕۆژهەڵاتی مەهاباد هەڵکەوتووە. بابی “میرزا خەلیل فەتاح قازی”، کوڕی میرزا ڕەسوڵ، کوڕی حاجی خەلیل بووە. دایکی “فاتمە” خانم، کچی “بوزورگ” خانم (ناسراو بە دایە سەیدە) و “مەلا جەلالی موعتەمیدولعولەما”، کوڕی مەلا “حەکیم” بووە. بنەماڵەی موعتەمیدولعولەما و بنەماڵەی “موفتی” مەهابادی خزم بوون.

 میرزا خەلیل لە ساڵی ١٣١٥ ڕا کارمەندی ئیدارەی دوخانیاتی مەهاباد بووە. لە ساڵی ١٣٣٠ کارەکەی لە مەهاباد ڕا گوازراوەتەوە بۆ تەورێز، بەو هۆیەوە مامۆستا قادر پۆلەکانی ٥ و ٦ ی دواناوەندی (دەبیرستان) لە بەشی زانستی سروشتی (علوم طبیعی) له دەبیرستانی “فیردەوسی” لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی تەواو کرد و لە زانستگەی تەورێز لە بەشی دەرمانسازی (دارو سازی) وەرگیرا. لە دوای ساڵێک خوێندن بە هۆی خۆشەویستی بێسنووری بۆ ئەدەبیات، لە خوێندنی  داروسازی چاوپۆشی کرد و بۆ ئەوەی بتوانێ بنچینەی زانستیی خۆی بەهێز بکا لە دواناوەندییەوە (دەبیرستان) دەستی کردەوە بە خوێندنی ئەدەبیات. لە ساڵی ١٣٣٥ لە دوای وەرگرتنی دیپلۆمی ئەدەبی، لە زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگەی تەورێز وەرگیرا و لە ساڵی ١٣٣٨ لیسانسی خۆی بە پێشکەش کردن و بەرگری لە “تێز”ە کەی لەژێر ناوی  “تحقیق در اوزان ترانه های کردی و امثال کردی” وەدەست هێنا.

مامۆستا قادر لە ساڵی ١٣٣٨ وەکوو مامۆستا (دەبیر) لە لایەن “وەزارەتی فێرکردن و بارهێنان” کاری پێدرا و وەکوو دەبیر لە شاری “سەراب” سەربە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دەستی بەکار کرد. هەر لەو ساڵەدا دەگەڵ ئامۆزای خۆی “ڕوقیا” فەتاحی قازی، کچی کاک فەتاح زەماوەندی کرد، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە بریتییە لە کوڕێک بە ناوی” یۆنس” و دوو کچ بە ناوەکانی “فەریدە” و “لاوێن”. فەریدە خانم بۆخۆشی لە کاری نووسین و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتدا چالاکە و ئێستا لە زانستگەی تەورێز خەریکی خوێندن لە بواری “زانستی سیاسی”ە.

مامۆستا قادر هەر لە ساڵانی لاوەتی خۆی هاوکات دەگەڵ کاری وانەگوتن لە شاری سەراب، بە ناردنی نووسراوە و بابەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەدەبی کورد، پەیوەندی خۆی دەگەڵ زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز و بە تایبەت دەگەڵ سەرۆکە دڵسۆزەکەی دوکتور “مەنوچێهر مورتەزەوی” ڕاگرت و پەرەی پێدا.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٤٩ دوای دەرچوون لە ئەزموون، بۆ درێژە پێدان بە خوێندنی باڵا لە لایەن زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز وەکوو وانەبێژ “مُربی” وەرگیرا. بۆیە هەر ئەو ساڵە ماڵی لە سەراب ڕا گوازتەوە بۆ تەورێز. ئەوجار هاوکات دەرسی دەخوێند و دەرسیشی دەگوت.

لە ساڵی ١٣٥١ بڕوانامەی ماستەر (فوق لیسانس)ی بە دەست هێنا و دواتر بوو بە ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆکە. مامۆستا قادر لە ٦٥ ساڵ چالاکی ئەدەبی خۆیدا، دەیان کتێب، مەقالە، نوسراوە، و لێکۆڵینەوەی زۆر بە نرخی بەرهەم هێناوە کە زۆربەیان چاپ و بڵاو کراونەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی خۆشەویستی ئەو بۆ ئەدەبیاتی زارەکی کوردی، بەڕێزیان لەو بووارەدا هەوڵی زۆر داوە و بەرهەمی ناوازەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە. شێوەی کارەکەی ئاوا بووە کە هاوینان لە کاتی پشووی دەبیرستان و زانکۆ، دەگەڕاوە مەهاباد و دەڕۆیشتە لای بەیتبێژان و قسەزانان و داوای لێ دەکردن بەیتەکانی بۆ بڵێن و ئەویش هاوکات دەقی بەیتەکەی دەنووسی. بەوشێوەیە ئەو بەیت و بەسەرهاتانەی کۆ دەکردەوە و دەیکردن بە کتێب بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ئەو بەیتبێژانە زۆربەیان ئاستی خوێندەواریان کەم بووە کەچی ئەو بەیتە دورودرێژانەیان لە باب و باپیران بیستووە و نەوە لە دوای نەوە لە سینگی خۆیاندا ڕایانگرتووە و بۆ نەوەی دوای خۆیان گوازتۆتەوە. یەکێک لەو بەیتبێژانە “مام ئەحمەدی لوتفی”، خەڵکی مەهاباد بووە کە مامۆستا لە بەیتەکان و گێڕاوەکانی ئەو زۆری کەڵک وەرگرتووە. هەروەها گەر لە شوێنێک یا لە کەسێک، وتەیەکی خۆش یا نەستەقی بیستبا خێرا دەینووسی و لە لای خۆی ڕایدەگرت، دواتر ئەو نووسراوانەی کۆ کردەوە و لە ژێر ناونیشانی “امثال و حکم کردی” لە دوو دووتوێدا (جلد) بە یارمەتی زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز چاپ و بڵاوی کردەوە

بەرهەمەکانی مامۆستا قادر بریتین لە
١ – منظومه کردی مهر و وفا، ١٣٤٥
٢ – منظومه کردی شیخ صنعان، ١٣٤٦
٣ – منظومه کردی بهرام و گل اندام، ١٣٤٧
٤ – منظومه کردی شور محمود و مرزینگان، ١٣٤٨
٥ – منظومه کردی شیخ فرخ و خاتون استی، ١٣٥١
٦ – منظومه کردی سعید و میرسیف الدین، ١٣٥٥
٧ – امثال و حکم کردی، جلد اول، ١٣٦٤
٨ – امثال و حکم کردی، جلد دوم، ١٣٧٥
٩ – منظومه کردی لاس و خزال، ١٣٧٩
١٠ – منظومه کردی شیرین و فرهاد، ١٣٨٤
١١ – نمونه هایی از ادبیات شفاهی (فولکلوریک) کردی، ١٣٩٥.
ئەو بەرهەمانە کە دە گۆڤاری “نشریه دانشکده ادبیات تبریز” دا بڵاو کراونەتەوە
:

  • بەیتی ماکۆ چەرداری.
  • بەیتی سائیلی.
  • بەیتی قەبری.
  • بەیتی سەید برایمی.
  • بەیتی محەمەد حەنیفە.
    هەروەها هێندێک نووسراوە کە زۆربەیانی بۆخۆی چاپ و بڵاو کردۆتەوە:
  • عەبدوللا خان مکری ١٣٥٥
  • حاشیه بر فرهنگ مهاباد.
  • یک سند تاریخی درباره عبدالله خان مکری.
  • ملاحظاتی پیرامون بوستان سعدی.
  • امثال و تعبیرات کردی و معادل برخی از آنها در زبان فارسی.
  • گزیده ای از لغات و عبارات کردی.
  • ابزارهای آسیاب بادی در کردی.
  • راز آسیاب بادی.
  • صنعت جولایی و لغات و اصطلاحات آن در مهاباد.
  • منظومه کردی کل و شیر.
  • منظومه کردی “گەڵۆ”
  • نان و هەویر.
    هەروەها چوار کتێبی لە لایەن “ناوەندی چاپەمەنی ئاراس” لە هەولێر چاپ و بڵاو کراونەتەوە کە بریتین لە:
  • بەیتی مەم و زین.
  • بەیتی خەج و سیامەند.
  • بەیتی ئەحمەدی شەنگ.
  • گەنجینەی بەیتی کوردی.
    هەروەها پێداچوونەوە و نووسینی پێشەکی بۆ دوو کتێبی بابی واتە میرزا خەلیل، “سالهای اضطراب” چاپی یێکەم ١٣٧٨، چاپی دوهەم ١٤٠٠ و کتێبی “تاریخچه خانواده قاضی در ولایت موکری”، چاپی یەکەم ١٣٧٨ و چاپی دوهەم ١٤٠٠. ئەو کتێبەی دوایی، دواتر لە لایەن کاک “حەسەن قازی” وەرگێڕاوەتەوە سەر کوردی و لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
    ئەو بەرهەمانەی کە ئێستا چاپ یا بڵاو نەکراونەتەوە:
  • بەیتی ئەرکان.
  • بەیتی زەنبیلفرۆش.
  • بەیتی میرزام قەڵای خاو.
  • بەیتی زۆرە و موشتەری.
  • بەیتی پاشای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
  • بەیتی دمدم (٣ ڕەوایەت).
  • وەرگێرانی کتێبی “چێشتی مجێور” بۆ سەر فارسی، نووسراوەی مامۆستا “هەژار موکریانی”.
  • پژوهش و جمع آوری نام کردی گیاهان بومی و دارویی منطقه مهاباد.
    سەرچاوەکان:
    ١ – نامەی مامۆستا بۆ نووسەری ئەوبابەتە لە هەمبەر کورتە بیوگرافی خۆی، ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی.
    ٢ – نووسراوەی خانم فەریدە فەتاحی قازی بە زمانی فارسی بۆ نووسەری ئەو بابەتە (بە e.mail, 29.06.2023)
    ٣ – نووسراوەی خانم “شەڕارە شەمامی”، بە زمانی فارسی لەسەر ماڵپەڕی “کوردی پێدیا”، ٢٠٢٣/١٠/٩ی زایینی.
    ٤ – گۆڤاری “کشکول”، سال دوم، شماره ٤، پیاپی ٨، تابستان ١٣٩٦،

Scroll to Top