
میرزا مەحموودی قازی ناسراو بە میرزا مەحموودی خۆشنویس، لە نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدەی زایینیدا لە مەهاباد ژیاوە. میرزا مەحموود مەلا بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە بارەگای حاکمانی سەردەمی خۆیدا نووسەر بووە، بە میرزا مەحموود ناسراوە و بە هۆی خەتە خۆشەکەیەوە ناووناوبانگی خوشنویسی پێبەخشراوە.
خط قلعەای است محکم از من شدەاست یاغی
سلطان خوشنویسان محمود ساوجبلاغی
میرزا مەحموود کوڕی میرزا محەمەد و نەوەی حاجی عوسمان و نەدیدەی میرزامحەمەدی باپیرەگەورەی قازییەکانی مەهابادە و هەروەها باپیرەگەورەی کۆی بنەماڵەی ناوداری قازییەکانی مەهاباد و موکریانە.
وەک میرزا خەلیل لە کتێبی تاریخچەی خانەدانی قازیدا دەگێڕێتەوە، میرزا مەحموود چەند جارێک کەوتووەتە بەر غەزەب و ڕەحمی میرانی موکری، بەڵام دواجار قەدری بینیوە و سەدری بەرکەوتووە.
سەربوردەی هونەری میرزا مەحموودی خوشنویس نیشان دەدات، کە مەهاباد هەرچەند بەڕواڵەت شارێکی چووکە بووە، بەڵام مرۆی بلیمەتی لێهەڵکەوتووە. بلیمەت چ لە ڕووی مێژوویی، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی زانستی و چ لە ڕووی هونەرییەوە.
میرزا مەحموودی قازی نموونەی هونەری خەتتاتی ئەم شار و ناوچەیەیە. بە جۆرێک کە دەکرێ لەسەر دەستی کەسانی وەک میرزا مەحموود، خوێندنەوەیەکی زانستیانە و هونەری بۆ ئەم بەشە لە کوردستان و دواتر گشت کوردستان بکرێت.
بوونی میرزا مەحموودی قازی نیشان دەدا کە بنەماڵەی قازی، لە چەند سەدەی ڕابردوودا، لە بواری هونەریشەوە نموونەی هونەرمەندی و هونەرپەروەری ئەم بەشە لە نیشتمانی کوردان بوونە.
خۆشنووسی وەک میراتێکی مەعنەوی لە میرزا مەحموودەوە بۆ ئەم بنەماڵەیە بەجێماوە. بە جۆرێک کە خۆشنووسی یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی بنەماڵەی قازییە. بەڕادەیەک کە ئەگەر بە وشەیەکی هونەری بتەوێ وەسفی ئەو خانەدانە بکەی، “خەتتاتی” و “خوشنووسی” پڕ بە پێستێتی ئەوانە. چونکە ئەم هونەرە بە دەست و پەنجەی زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەوە دیارە. بۆ نموونە، جگە لە میرزا مەحموود، دەکرێ باسی میرزا فەتتاحی قازی، قازی عەلی، قازی کەریم، میرزا برایم، سەیفولقوزات، عەبدوڕڕەحمان جەوانمەردی قازی (سالار)، عەبدوڕڕەحمان قازی، ناسر قازی و مامشاد قازی و ئەندامانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە بکرێت.
میرزا مەحموود حەوت کتێبی قورئانی بە خەتی نەسخ نووسیوەتەوە کە یەکێکیان لە مووزەی لوری فەڕانسا و یەکێکیان لە مووزەی شاری ئەستەنبووڵ ڕاگیراوە. نوسخەیەکی ئەم قورئانە دەستنووسەش لە لای کاک هیوا قازی لە مەهاباد پارێزراوە، کە وێنەی چەند لاپەڕەیەک لەو قورئانە دەستنووسە لەم لاپەڕەیەدا دەبیندرێت.
بەم شێوەیە دەکرێ لەسەر دەستی هونەری میرزا مەحموودی خوشنویس خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانە و زانستی و مێژوومەندانە بۆ مەهاباد و ناوچەی موکریان بکرێت و لەوە بکۆڵدرێتەوە کە ئەم ناوچەیە و ئەم شارە و ئەم خانەوادەیە خاوەنی چ پێشینەیەکی هونەری و کەلتووری و مەعریفی بوونە و بە چ هۆیەک و چۆن ئەم ناوچەیە توانیوییەتی کەسایەتی هونەری لە چەشنی میرزا مەحموودی قازی پەروەردە بکات کە ئاسەوارەکەی، لە ئێستادا، وەک نموونەیەکی بەرزی هونەری، لە مووزەکانی جیهاندا نمایش دەکرێت.
- لە خوارەوە وێنەی نموونەی خەتی میرزا مەحموود دەبیندرێت.








