
عەبدولڕەحمان قازی
کوڕی حاجی قازی کەریم، کوڕی قازی مونعیم و دایکی هاجەرە خانم کچی مەلا عەلی قازی
لە دایکبووی ٨ی بانەمەڕی ١٣٠٣ی هەتاوی (١٩٢٤.٤.٢٨)ی زایینی لە شاری مەهاباد
خوێندنی سەرەتایی لە لای مەلا سەید حەبیبوڵا دەست پێکرد و پاشان خوێندنی ناوەندی لە خوێندنگەی سەعادەت لە مەهاباد تەواو کرد. ڕەحمانی گەنج یەکێک لە بڕواپێکراوانی بنەماڵە بووە و بە تایبەت لە لایەن پێشەوای نەمرەوە زۆر ئەرکی پێ ئەسپێردراوە و بەردەوام لە کار و چالاکی ئەو سەردەمدا شوێن پەنجەی دیار بووە، پەردەی شانۆی دایکی نیشتمانی نەخشاندووە و لە نمایش کردنی شانۆکەدا ئەرکی زۆر لەسەر شان بووە.
لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لەگەڵ ٤٩ گەنجی تر لە لایەن حکومەتی کۆماری کوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندن نێردراوە بۆ یەکێتی سۆڤییەت و لە شاری باکۆ لە بەشی تۆپخانەی زانکۆی سەربازی درێژەی بە خوێندن داوە.




دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان گەڕاوەتەوە مەهاباد و پاش ساڵێک وەک مامۆستای خوێندنگەکانی مەهاباد دامەزراوە و بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ خزمەتی کردووە. ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لەگەڵ مامۆستایەکی قوتابخانە بە ناوی حەلیمە خانم عوسمانی هاوسەرگیری دەکا، بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە بریتییە لە ٣ کچ بە ناوەکانی ستارە، فاتمە و سیما و ۵ کوڕ بە ناوەکانی ئیبڕاهیم، جەعفەر، ئیسماعیل، نادر و ناسر.
هاوکات لەگەڵ مامۆستایی خوێندنگە لە هونەری خۆشنووسی و وێنەکێشی دەستێکی بەهێزی هەبووە و بەشێک لە بەرهەمەکانی لە لای بنەماڵە پارێزراون. چەند تابلۆی وێنەگەری کە ئێستا لەبەر دەستدا ماون بریتین لە:
١. تابلۆی عیسا مەسیح و هاوڕێیانی
٢. تابلۆی خانەقای شێخی بورهان
٣. تابلۆی ڕوخساری قازی عەلی
٤. تابلۆی ڕوخساری قازی مونعیم
٥. تابلۆی پێشەوای نەمر
٦. تابلۆی سروشتی فەڕانسە
هەروەها لە هونەری خۆشنووسیدا چەند بەرهەمی ناوازەی لێ بەجێ ماوە کە بریتین لە:
١. قورئانی پیرۆز بە خەتی نەسخ.


٢. خەیام بە کوردی، بە خەتی نەستەعەلیق
٣. خەیام بە فارسی بە خەتی نەستەعەلیق
٤. کتێبی بەسەرهات و بیرەوەرییەکانم بە خەتی نەستەعەلیق
و دەیان لاپەڕەی خۆشنووسی بە خەتی نەسخ و نەستەعەلیق.
جگە لەمانە وەک شاعیرێکی بە توانا دەیان هۆنراوە و هەڵبەستی پێشکەش بە ئەدەبی کورد کردووە. یەکێک لە شاکارەکانی شێعری بریتییە لە وەرگێڕانی قەسیدەی (زۆهرە و مەنوچێهر) کە ٣٣٠ دێڕ لەخۆی دەگرێ، شێعری بە ناوبانگی پیرەهەڵۆ و هەروەها وڵامی ڕاوە بەرازی مامۆستا هێمن و دەیان هەڵبەستی تر کە بەشێکیان لە لایەن مامۆستا محەمەد ماملێ و مامۆستا عەزیز شاڕۆخ کراون بە گۆرانی. دیوانە شێعرەکەی کۆ کراوەتەوە و ئامادەی چاپە کە دوای چاپ و بڵاو بوونەوە لێرە ئاماژەی پێدەکرێ.
جگە لە بواری شێعر لە نووسینیش دا دەستێکی بە توانای هەبوو، یەکێک لە بەرهەمە گرینگەکانی پەڕتوکی (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانم) کە بریتییە لە ژیاننامە و بەسەرهاتەکانی بە پێنووسی خۆی کە دواتر لە ژێر ناوی (ڕۆژگاری ون بوو) چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
مامۆستا ڕەحمان قازی لە بواری کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکی خۆشەویست و ناو بەدەرەوەی مەهاباد و ناوچەی موکریان بووە و لە چارەسەر کردنی زۆربەی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی ئەرێنی گێڕاوە. هەروەها بە هۆی متمانەی خەڵکی شار و لایەنە سیاسییەکان و کاربەدستانی حکومەتی، لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە چارەسەر کردنی زۆربەی گرفتەکانی شار و ناوچەدا کاریگەری هەبووە و هەموو کات هەوڵی داوە هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێ بە بێ لەبەرچاو گرتنی مەترسییەکان جێبەجێی بکا.
هاوڕێیەتی ڕەحمان قازی لەگەڵ زۆربەی شاعیران و نووسەران و هونەرمەندانی کورد وای کردبوو کە بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەی هونەری و ئەدەبیدا بەشدار بێ و بە دەربڕینی ڕوانگەی خۆی کۆڕەکان دەوڵەمەندتر بکا، هەر بەو پێیەش لەگەڵ مامۆستا هێمن موکریانی هاوڕێیەتیان زۆر گەرم و نزیک بووە و لە چەندین شێعردا باسی یەکیان کردووە.
مامۆستا ڕەحمان قازی لە ١٣٨٦.١٢.٢٤ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٣ ساڵی بە هۆی وەستانی دڵ لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد بە خاک ئەسپێردرا .
ئەوەش چەند وێنە لە عەبدوڕەحمان قازی
































