
ئیسماعیل فەتاح قازی
مامۆستا ئیسماعیل فەتاح قازی لە ڕێکەوتی ١٣١٦/٩/٢٨ی هەتاوی، بەرانبەر ١٩٣٧/١٢/٢٠ی زایینی لە شاری نەغەدە سەر بە ناوچەی سندووس لە پارێزگای ورمێ لەدایک بوو.
بابی “میرزا خەلیل” لە بنەماڵەی ناوداری قازی و دایکی “فاتمە خانمی موفتی” کچی مامۆستا مەلا جەلال ناسراو بە “موعتەمیدولعولەما” بوو. لەسەردەمی لەدایکبوونی ئیسماعیل، میرزا خەلیل فەرمانبەری ئیدارەی دوخانیات بوو و دواتر کارەکەی گواستەوە شارەکەی خۆی واتە مەهاباد و لەوێ نیشتەجێ بوو.
ئیسماعیل خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد و لە خوێندنگەی سەعادەت دەست پێکرد. لە پۆلی سێی سەرەتاییدا بوو کە کۆماری کوردستان دەمەزرا. بە دامەزرانی کۆماری کوردستان، خوێندن لە هەموو خوێندنگەکانی مەڵبەندی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بوو بە کوردی، جلوبەرگی یەکسان بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا. بە پێی بیرەوەرییەکانی مامۆستا ئیسماعیل، پێشەوا قازی محەمەد بەردەوام سەردانی خوێندنگەکانی دەکرد و لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی خوێندنی مناڵەکان و کار و بەرپرسیارەتی مامۆستاکانی دەکرد. یەکێک لە ئەرکەکانی ڕاهێنان لەو سەردەمدا، فێر بوون و خوێندنەوەی سرودی نیشتمانی بوو. لە بەشێکی تر لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکا، ڕۆژێک میرزا خەلیل نامەیەک دەنووسێ و دەیدا بە ئیسماعیل و دەڵێ بیبە بۆ جەنابی پێشەوا. کاتێک ئیسماعیل لە ماڵی پێشەوا وەژوور دەکەوێ، دەبینێ مامۆستا هەژار لە خزمەت پێشەوا دانیشتووە و سەرقاڵی وتووێژن. پێشەوا بە دیتنی ئیسماعیل خۆشحاڵ دەبێ و دوای وەرگرتنی نامەکە، داوای لێدەکا سرودی نیشتمانی بۆ بخوێنێتەوە. ئیسماعیل بە بێهەڵە و زۆر ڕێکوپێک سرودی “نیشتمانم ڕەنگینە، بەهەشتی سەرزەمینە” دەخوێنێتەوە و لە لایەن هەر دوو کەسایەتی ستایش دەکرێ.
دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، میرزا خەلیل بە تاوانی هاوکاری کردنی کۆمار، بۆ ماوەیەک کەوتە بەندیخانە. مامۆستا ئیسماعیل بیرەوەرییەکی تاڵی لەو سەردەم هەیە و دەڵێ: ڕۆژی دەی خاکەلێوە، کاتێک هەواڵی شەهید بوونی پێشەوا و هاوڕێیانی بڵاو بۆوە، لەگەڵ براگەوەرەکەم واتە کاک قادر، چووینە چوارچرا و لەوێ چاومان بە تەرمی پێشەوا و هاوڕێیانی شەهیدی کەوت. ئەو دیمەنە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەستی نیشتمانپەرەوری قادر و ئیسماعیلی مێرمنداڵ دانا.
ئیسماعیل تا پۆلی یەکەمی ناوەندی (پۆلی ۷) لە مەهاباد خوێندی، ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی، کاری باوکی گوازراوە بۆ تەورێز و میرزا خەلیل بەناچار بنەماڵەکەی برد بۆ ئەو شارە و ئیسماعیل لە تەورێز درێژەی بە خوێندن دا. سەرەڕای ئەوەی ژیان لە شارێکی نامۆ و غەریبدا ناخۆشی خۆی هەبوو، بەڵام دەرفەتێکیش بوو بۆ ئەوەی ئیسماعیلی شەیدای فێربوون، لەو شارە گەورەیە، لەگەڵ سینەما، نمایشخانە(تئاترخانە)، کتێبخانەی گەورە و چەندین ناوەندی فەرهەنگی و کەلتوری تر ئاشنا ببێ. لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی، لە زانکۆی “زمانی ئینگلیسی و زانستی پەروەردە و ڕاهێنان”ی زانستگەی تەورێز وەرگیرا. دوای تەواو کردنی دەرس، وەک مامۆستای زمانی ئینگلیسی لە خوێندنگەکانی دواناوەندی مەهاباد دامەزرا و گەڕاوە شارەکەی خۆی.
لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی، دوو لاوی ئامریکایی بە ناوەکانی “ڕابێرت ئێبرامسۆن”[Robert Ebramson] و “تام ڕێکس”[Tom Ricks] لەگەڵ (سپای ئاشتی) لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا ڕا هاتن بۆ مەهاباد. سپای ئاشتی پێکهاتبوو لەم لاوانەی کە لەبری سەربازی، خۆبەخشانە دەهاتنە وڵاتانی دواکەوتوو و لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە خزمەتی خەڵکی ئەو وڵاتانەیان دەکرد. ڕابێرت و تام هەوڵیان دا لە بواری فێرکاریی زمانی ئینگلیسی لە مەهاباد کار بکەن. هەر بۆیە لەگەڵ مامۆستا ئیسماعیل ئاشنا بوون و پەیوەندییەکی گەرم لە نێوانیاندا پێکهات. دوای ئەوەی زۆری یارمەتی دان تا لە ئەرکەکانیان سەرکەوتوو بن، ئەوانیش ڕێنوێنیان کرد تا ئیسماعیل لە تاقیکارییەکی تایبەت بە زمانی ئینگلیسی بەشداری بکا، دوای دەرچوونی لەم تاقیکارییە، لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە نێردرا بۆ زانستگەی میشیگان تا لە بواری شێوازی وانەگوتنی زمانی ئینگلیسی درێژە بە خوێندن بدا. دوای سەرکەوتنی لە قۆناغەکانی خوێندن لە ئامریکا، گەڕاوە مەهاباد و بە زانست و ئەزمونێکی گەورەتر درێژەی بە خزمەت کردن دا.
دوای سەرکوتکردنی بزوتنەوەی سیاسی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی کورد لە لایەن حکومەتی پەهلەوی، ساواک بڕیاری دا بەشێک لە مامۆستایانی کورد لە کوردستان دوور بخاتەوە. بەم بۆنەوە لە ساڵانی ١٣٤٨ و ١٣٤٩ی هەتاوی، بەشێک لە مامۆستایانی کورد کە بە نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی ناویان دەرکردبوو بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێ کران.
مامۆستا ئیسماعیل دوور خراوە بۆ شاری قەزوین بەڵام بە هۆی پێداگری و بەدواداچوونی خۆی، گوازراوە بۆ تاران. تاران مەیدانێکی بەرفراوانتر بوو بۆ کار و چالاکی و خوێندن و فێرکردن. هەروەها بەشێک لە خزم و ناسیاوەکانیش نیشتەجێی ئەم شارە بوون و خەمی دوورە وڵاتی کەمتر هەست پێدەکرا.
لە هاوینی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی، مامۆستا ئیسماعیل لەگەڵ سەکینە خانم ئەیازی، کچی کاک محەمەد و سەیزادە خەدیجە خانم هاوسەرگیری کرد. کاک محەمەد خەڵکی مەهاباد و فەرمانبەری دەوڵەت بوو، بەڵام بە هۆی کارەکەی لە شاری تەورێز ژیانیان بەسەر دەبرد. ڕێ و ڕەسمی هاوسەرگیری مامۆستا ئیسماعیل لەسەردەمی خۆیدا کەموێنە بوو. بەشداری هونەرمەندانی ناسراوی کورد وەک مامۆستا محەمەد ماملێ و مەلا حوسێن عەبدوڵازادە بۆ ماوەی پێنج شەو و ڕۆژ کۆڕی بەزمی خزم و میوانانی لە ماڵی بابی لە شاری تەورێز گەرم و ڕازاوە کرد.
بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مامۆستا ئیسماعیل و سەکینە خانم دوو کوڕ بە ناوەکانی “سامڕەند [لە دایکبووی ١٣٥٢] “و “سالار [لە دایکبووی ١٣٥٤]”ی هەتاوین.
لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی مامۆستا گەڕاوە بۆ شاری مەهاباد. ساڵی ١٣٥٧ چەند کەس لە مامۆستایانی پەروەردە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی ئەو کات بۆ خولێکی یەک ساڵەی ڕاهێنان بەڕێ کران بۆ ئامریکا، کە مامۆستا ئیسماعیل یەکێک لەوان بوو. دوای یەک ساڵ، مامۆستا بە وەرگرتنی مەستەر [فوق لیسانس] گەڕاوە وڵات، بەڵام بە هۆی ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی و تێکچوونی پلانی پەروەردە، بەڵێنی بوون بە بەرپرسی پەروەردە و ڕاهێنانی مەهاباد جێبەجێ نەکرا و مامۆستا گەڕاوە سەر کارەکەی پێشووی.
گەڕانەوەی مامۆستا هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی بزوتنەوەی و بوژانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات. بەهۆی پێکنەگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی تازەی ئێران واتە کۆماری ئیسلامی، زۆری پێنەچوو شەڕ و بەرەنگاری لە هەموو کوردستان دەستی پێکرد. مامۆستا ئیسماعیل کە مرۆڤێکی وردبین و وشیارە لە نزیکەوە ئاگاداری تەشەنە کردنی شەڕ و هێرشی هێزەکانی حکومەت و پێکدادانەکان بوو و ئەم ڕووداوانەی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیوە کە تا ئێستا چاپ نەکراوە.
لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، مامۆستا کارەکە گواستەوە بۆ تەورێز و لە دوو زانستگەی (ئازادی ئیسلامی و عەلامە ئەمینی) دەستی کرد بە کوتنەوەی وانەی زمانی ئینگلیسی. لە ساڵی ١۳٧٤ی هەتاوی بەفەرمی خانەنشین[بازنشست] بوو، بەڵام بە هۆی داخوازییەکی زۆری وەزارەتی خوێندنی باڵا و هەروەها هۆگری و ئەوینی مامۆستا بە وانەکوتن، درێژەی بە کارەکەی دا. لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بۆ هەمیشە هاتەوە مەهاباد و لە دوو زانستگەی ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور کاری دەست پێکردەوە. ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی و دوای ٥٧ ساڵ کار و خزمەتێکی بە دڵ و بە گیان بە ڕۆڵەکانی نیشتمان، دەستی لەکار کێشاوە. لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابردوودا، کاک ئیسماعیل یەکێک لە خۆشناوترین مامۆستاکانی مەهاباد بووە و هەمیشە ناوی بە باشی لە نێو خوێندکاران و خەڵکدا باس کراوە.
مامۆستا ئیسماعیل هەر بە وانەکوتن نەوەستاوە و لە بواری وەرگێڕانی کتێبیشدا هەوڵی داوە خزمەت بە خەڵک و نیشتمان بکا. لە درێژەی کارەکانیدا سێ کتێبی لە ئینگلیسییەوە وەرگێڕاوەتەوە سەر فارسی کە بریتین لە:
۱. “کُرد در دایرةالمعارف اسلامی” کە بریتییە لە توێژینەوەی چەند پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتناسی بیانی لەسەر ڕۆڵی کورد لە پێناسەی ئیسلامیدا. ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بۆ یەکەمجار لە لایەن بڵاڤۆکی سەلاحەدینی ئەیوبی و ساڵی ١٣٩٨ بۆ جاری دووەم لە لایەن دەستگای چاپ و بڵاو کردنەوەی خانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەو کتێبە لە لایەن بەڕێز “حەمە کەریم عارف” لە ژێر ناوی (کورد لە ئینسکلۆپیدیای ئیسلامیدا) وەرگێردراوەتەوە سەر کوردی و لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لە شاری سلێمانی چاپ کراوە.
۲. “جُنبش کُردها” [بزوتنەوەی کورد (The Kurdish revolt)] کە لە لایەن Edgar,O. balance نووسراوە. بۆ یەکەم جار ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی لە لایەن چاپەمەنی و بڵاڤۆکی “نگاە” لە تاران و بۆ جاری دووەم ساڵی ١٣٩٩ لە لایەن دەستگای چاپ و بڵاو کردنەوەی “ڕاژە” لە مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
۳. “کُردستان در سپیدە قرن” (کوردستان لە گزینگی سەدە) کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی دوکتور ڕەفیق حیلمی. ئەو کتێبە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن دەستگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “آریوحان” چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا کتێبی بیرەوەرییەکانی مامۆستا کە پڕاوپڕە لە زانیاری ورد لەسەر ڕووداوەکانی ناوچە و ئێران کە بە شێوەی ڕۆژئەژمێر نووسراوە تا ئێستا چاپ نەکراوە کە هیوادارین بەم زوانە چاپ و بڵاو بکرێتەوە.
۱. سەرچاوەکان: نامەی مامۆستا بۆ نووسەری ئەم بابەتە، ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی.
۲. بیرەوەرییەکانی مامۆستا ئیسماعیل فەتاح قازی
