میرزا محەمەد (باپیرە گەورەی خانەدانی قازی)

باپیرە گەورەی خانەدانی قازی ناوی محەمەد بووە. محەمەد لە سەردەمی بوداغ سوڵتاندا ژیاوە (١٠٦٠ تا ۱۱۱۱ کۆچی مانگی). بەسەرهاتی محەمەد دوور و کوورە، چونکە کورد لەبارەی مێژووی خۆیدا کەمی نووسیوە و، ئەوانەش کە مێژووی کوردیان نووسیوەتەوە، لە دەلاقەی خۆیانەوە ڕوانیویانە و، بەو جۆرەی پێویستە نەپەرژاونەتە سەر وردەکاری ڕووداوەکان. لەبارەی ڕەچەڵەکی محەمەددا قسەو باس زۆرن. هەندێک کەس دەڵێن، محەمەد بە ڕەسەن کوردە و لە تیرەی بڵباسانە و باب و باپیرانی لە دێرزەمانەوە نیشتەجێی موکریان بوونە. هەندێک کەسیش، بە هۆی نازناوی هەیاتیلەوە، ڕایان وایە کە محەمەد بە ڕەچەڵەک هۆن بووە و سەر بە تیرەی قەبایلی ئاسیای ناوەندییە. هەروەها لە کتێبی مێژووی بنەماڵەی قازی لە کوردستانی ئێراندا، ئاماژە بەوە کراوە کە محەمەد، لە سەرەتادا، ناوی عیسا بووە و ئەندامی بنەماڵەیەکی ناوداری شاری قازانی گورجستان بە ناوی تاتوولا بووە و، دواتر بە هۆی ئەوەی خەون بە پێغەمبەرەوە دەبینێ، دێتە ناو لەشکری بوداغ سوڵتان، دەبێتە موسڵمان و میری موکری ناوەکەی دەکا بە محەمەد. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە بوداغ سوڵتان، لەو سەردەمەدا کە مەهابادی ئێستا دەکاتە پایتەختی میرنشینی موکری، بە هۆی کارامەییەوە، محەمەد دەکا بە کارگێڕی بارەگای خۆی و تەنانەت کچی خۆی دەداتێ و، بەمجۆرە بەردی بناغەی ئەم خانەدانە دادەمەزرێت. ئەولاد و نەوە و نەتیجەی محەممەد، کە بە بەڵگەنامەوە ناویان لە شەجەرەنامەی خانەدانی قازیدا هاتووە، بە هۆی خوێندەواری و متمانەی خەڵک و هەروەها بە هۆی ڕاسپاردەی میرانی موکری و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، ئەرکی دادوەری و قەزاوەتی ناوچەکەیان پێسپێردراوە و بەو هۆیەوە بە “قازی” ناووناوبانگیان دەرکردووە. یەکەم مەحکەمەی ئەوان لە شاری مەهاباد لە باشووری چوارچرا و لە پشت شارەوانی ئێستای مەهاباد بووە. مزگەوتی قازی، لە شەقامی قازی محەمەد، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا نوێژەن کراوەتەوە، بەشێک لەو مەحکەمەیە کە هاوکات لەگەڵ مزگەوتی سوور و پردی سووری شاری مەهاباد دروست کراوە.

Leave a Comment

Scroll to Top