
خەلیل فەتاح قازی کوڕی میرزا ڕەسووڵ و گەوهەرتاج خانمی قازی لە ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی لە گوندی باخچەی ناوچەی مەحاڵی موکریانی ڕۆژهەڵات (مکریان شرقی) سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە. میرزا ڕەسووڵ کوڕی میرزا خەلیلی گەورە، کوڕی میرزا ڕەحمان، کوڕی میرزا عەبدوڵا کە ئەویش کوڕی میرزا مەحموودی قازی ناسراو بە خۆشنووس کە چەندین قورئانی پیرۆزی بە خەتێکی جوان نووسیوەتەوە و گەوهەرتاج خانم کچی حاجی قازی لەتیف بووە. بەرهەمی ژیانی هاوبەشی میرزا ڕەسووڵ و گەوهەرتاج خانم بریتی بوون لە: خەلیل، حەسەن، فاتمە، ئامینە، فەتاح، حوسێن، زەینەب، ڕەزاق، ڕەزیە و مریەم.
خەلیل بە مناڵی لە لایەن باوکێوە لەگەڵ برایەکی بچووکی بە ناوی حەسەن لە لای مەلایەک بۆ فێر بوونی قورئان و زمانەکانی عەرەبی و فارسی لەبەر خوێندن دەنرێ. پاش ماوەیەک میرزا ڕەسووڵ بە هۆی فشاری ئاغاوەتی دەوروبەری ناچار بە فرۆشتنی بەشی خۆی لە گوندی باخچە دەبێ و ماڵی دەگوازێتەوە بۆ گوندی دارەلەک سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد. دوای ماوەیەک میرزا ڕەسووڵ بە یارمەتی حاجی قازی لەتیف و بە هاوبەشی میرزا جەلیل قازی گوندەکانی گۆل و چۆمەڵان لە خزمەکانی خۆی دەکڕێتەوە و لەوێ ژیانێکی دووبارە دەست پێدەکاتەوە. دوای ئەم ئاڵوگۆرانە خەلیل و حەسەن بۆ خوێندن لە قوتابخانە نێردران بۆ مەهاباد و لەوێ لە قوتابخانەی سەعادەت دەستیان بە خوێندن کرد و لە پۆلەکانی ٢ و ٣ی سەرەتایی ناونووسی کران. لە ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی میرزا خەلیل وەک مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی لە لایەن بەرپرسی پەروەردە میرزا ئەبولحەسەن سەیفی قازی دامەزرا و بە موچەی مانگانە حەفتا قڕان دەستی بەکار کرد. ناوبراو هاوکات لەگەڵ دەرس کوتن بۆخۆشی خەریکی خوێندن بوو. کاتێک ئاستی خوێندەواری بەرز بۆوە و ئەزمونی کار کردن لە ئیداراتی زیاد بوو لە ئیدارەی دارایی وەک فەرمانبەر دامەزرا و دواتر لە ئیدارەی دوخانیات دەستی بەکار کرد و تا لە دواییدا وەک سەرۆکی دوخانیاتی مەهاباد درێژەی بە کار و خزمەت دا. ساڵی ١٣٣٠ی هەتای گواستیانەوە شاری تەورێز و تا ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی کاتێک خانەنشین بوو لەو شارە مایەوە. ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی بە بنەماڵەوە گەڕاوە بۆ مەهاباد.
میرزا خەلیل دوو جار هاوسەرگیری کردووە. جاری یەکەم لەگەڵ فاتمە خانم کچی مەلا جەلال موعتەمیدولعولەما و بوزورگ خانم کە بەرهەمی ئەو هاوەسەرگیرییە بریتین لە: قادر، ئیسماعیل، تاهیرە خانم، ئەحمەد، مەحموود. بۆ جاری دووەم لەگەڵ شاسوڵتان خانم قازی کچی میرزا وەهاب هاوسەرگیری کرد و بەرهەمی ئەوانیش بریتین لە: ڕەحیم، سەلاحەدین، مستەفا، یوسف، ئەبولقاسم(لوقمان).
میرزا خەلیل جگە لەوەی کەسایەتییەکی خۆشنێو و زانا بوو لە نووسینیش دا خاوەنی قەڵەمێکی بەهێز بووە. بە پێی ئەوەی هەم خۆی بیرەوەرییەکی پڕ هەوراز و نشێوی هەبووە و هەم لە سەردەمێکدا ژیاوە کە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەی گرتۆتەوە، دەستی داوەتە قەڵەم و چەند بەرهەمی ناوازەی خوڵقاندووە کە بریتین لە:
١. کتێبی سالهای اضطراب
٢. کتێبی تاریخچە خانوادە قاضی در ولایت موکری
هەر دوو کتێب لەژێر چاودێری مامۆستا قادر فەتاحی قازی چاپ و بڵاو کراونەتەوە. کتێبی دووەم لە لایەن مامۆستا حەسەن قازی کراوە بە کوردی و لەژێر ناوی کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ناوچەی موکریان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
وەک مامۆستا قادر فەتاحی قازی لە پێشەکی کتێبی سالهای اضطراب دا ئاماژەی پێداوە میرزا خەلیل هەمیشە حەزێکی زۆری لە خوێندنەوە و بەرز کردنەوەی پلەی زانست هەبووە و تا کاتێک لە ژیاندا ما پابەند بەو ڕێچکەیە مایەوە.
میرزا خەلیل لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی مەهاباد بەخاک ئەسپێردرا.




















