
محەمەد حوسێن خان لە ڕۆژی نۆی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٢٨٣ی هەتاوی (١٩٠٤ی زایینی) لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. باوکی میرزا ئەبولحەسەن سەیفی قازی ناسراو بە سەیفولقوزات، شاعیر، ئەدیب و کەسایەتی ڕووناکبیر و بە توانای کوردستان و دایکی، زوبەیدە خانم کچی شێربەگ خانی فەیزوڵابەگی و خوشکی گەوهەرتاج خانم دایکی پێشەوا بوو. بەو پێیە جەنابی محەمەد حوسێن خان هەم ئامۆزا و هەم پوورزای جەنابی پێشەوا بوو.
محەمەد حوسێن لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لە لای باوکی بە خوێندنی قورئان، گوڵستان و بوستانی سەعدی و خەتی ڕەسم و زمانی کوردی، دەستی بە خوێندن کرد. بۆ درێژەدان بە خوێندن ماوەیەک لە لای شێخی بورهان لە خانەقای شەرەفکەند ماوە و دوایی لە لای مامۆستا مەلا محەمەد وانەی ئایینی تەواو کرد. جگە لە خوێندن وانە لە لای مامۆستایانی سەردەم، بە هۆی هاتووچۆی بەردەوامی ئەدیبان، زانایان، بەرپرسانی ئەوکات و کەسانی خاوەن زانست و قەڵەم بۆ لای جەنابی سەیفولقوزات، کەشوهەوای ماڵە باوکی زیاتر لە زانکۆیەکی سەردەمیانە دەچوو و محەمەد حوسێنی لاو و گەنج لەم دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوانە کەڵکی وەردەگرت و تا بۆی کرابا وڵامی پرسیارەکانی لەوان وەردەگرت و ڕۆژبەڕۆژ لە گەشە کردندا بوو. ئەم کەشوهەوایە نە تەنیا زانست و ئەدەبی لای محەمەد حوسێن بەرز کردەوە بەڵکوو ڕێوڕەسم و هەڵسوکەوتی گەورە پیاوانی ئەو کات لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیشەوە کردە سەرمەشق و بابەتگەلی زۆریان لێ فێر بوو.
دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ئایینی، بۆ بەردەوامی لە فێربوونی زیاتر ڕووی لە شاری ورمێ کرد و بە باشترین پلە دەرچوو. ئەوجار لە خوێندنگەی مێمۆڕیاڵی ئامریکایی بە زمانی ئینگلیسی لە شاری تەورێز دەستی کرد بە خوێندن. لەم خوێندنگەیەدا جگە لە زمانەکانی ئینگلیسی، ڕووسی و فەڕانسەوی، وانەی ئابووری و بازرگانی، پەیوەندیی و سیاسەتی نێودەوڵەتی، فەلسەفە، ژمێریاری، جەبر، بیرکاری، فیزیک، شیمی، گەردوونناسی فێری خوێندکاران دەکرا. ئەم دەرسانەی بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی سەردەمیانە لە محەمەد حوسێندا و هەر بۆیە لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری و دیپلۆماسی و هەروەها زانستی مەیدانی شەڕ و سەربازی توانایەکی کەموێنەی بەدەست هێنا.
پاش وەرگرتنی بەڵگەنامەی کۆتایی خوێندنگەی مێمۆڕیاڵ، لە زانستگەی سەربازی تەورێز وەرگیرا و دوو ساڵ لە بەشی تایبەت خوێندی و پلەی ئەفسەری بە دەست هێنا. ئەم خوێندنگە جۆراوجۆرانە و دانیشتن لەگەڵ مامۆستا و زانستوانانی سەردەمدا بوو بە هۆی ئەوەی محەمەد حوسێن خان لە تەمەنی لاوەتیدا جگە لە کوردی لە زمانی زگماکی بوو، زمانەکانی فارسی، عەرەبی، تورکی، فەڕەنسی، ئینگلیسی و ڕووسی بزانێ و لێیان شارەزا بێ.
بەڕێز مەناف کەریمی، وەزیری پەروەردەی کۆماری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تی ڤیدا دەڵێ: کاتێک بۆ یەکەمجار چووینە لای لێژنەی نێردراوی ڕووسەکان لە شاری تەورێز، محەمەد حوسێن خان بە زمانی ڕوسی و زۆر بە ڕەوانی قسەی لەگەڵ لێژنەکە کرد و ئەو شارەزاییە لە زمانی ڕووسی، ئەوانی سەرسام کرد.
محەمەد حوسێن خان لە ژیانیدا دوو جار هاوسەرگیری کردووە. یەکەمجار لەگەڵ ئەفسەر خانم کچی میرزا هاشم کەلانتەری، هاوڕێی نزیکی شێخ محەمەد خەیابانی هاوسەرگیری کرد، بەڵام ئەفسەر خانم زۆر زوو بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بۆ جاری دووەم لەگەڵ فەروخلوقا مەلیک قاسمی کچی ئیمام قوڵی میرزا کە بە ڕەچەڵەک شازادە بوو و لە نەوەکانی فەتحعەلی شای قاجار بوو هاوسەرگیری کردەوە.
لەگەڵ خاتوو فەروخلوقا کە بە شازدە ناوزەد کرابوو خاوەنی شەش مناڵ بە ناوەکانی فەتاح خان، محەمەد ڕەزا ناسراو بە ڕەزا خان (لە تەمەنی ١٤ ساڵی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد)، عەلی خان، زەینەب (ناسراو بە مەلوس خانم)، فایقە خانم و مەحموود ئاغا بوون. کاتێک دوایین مناڵ واتە مەحموود لە دایک بوو، محەمەد حوسێن خان لە زینداندا دەبێ و بۆ کۆتا دیدار مناڵەکانیان دەبەن بۆ دیتنی باوکیان. محەمەد حوسێن خان لە زینداندا ناوی ئەو کوڕەی دەنێ مەحموود، کە ئەوە یەکەمین و دوایین جارە کە باوک و کوڕ چاویان پێک دەکەوێ.
هەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، محەمەد حوسێن خان لە زانستی بازرگانی و ئابووری کە لە مێمۆڕیاڵی ئامریکایی خوێندبووی کەڵکی وەرگرت و بوو بە یەكیک لە
سەرمایەدار و خاوەن زەوی و زارەکانی بە ناوبانگی کوردستان. ئەم دەوڵەمەندی و دەست ئاواڵەییە بوو کە توانای ئەوەی پێبەخشی لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا چەندین ملیۆن تمەن لە ڕێگەی کۆماردا خەرج بکا بێ ئەوەی زەبرێکی قورس وە بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی بکەوێ.
پێش ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی، لە لایەن حکومەتی ناوەندی پلەی سەرهەنگی فەخری پێبەخشرا و بە بەرپرسی ڕێکخراوەی ئەمنییەت لە ناوچەکانی نێوان میاندواو و مەراغە دەستنیشان کرا. هەر لەو سەردەمدا بوو کە بە گرتنی سەرکێش و یاغی بە ناوبانگی ناوچەکە بە ناوی فەرامەرز خان ئەسفەندیاری و دارودەستەکەی، ئاسایشی بۆ ئەو مەڵبەندە گەڕاندەوە.
ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی و بە ڕاسپاردەی جەنابی قازی محەمەد (پێشەوا) بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف. محەمەد حوسێن خان بە هۆی لێزانی لە کاروباری سیاسی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و هەروەها توانای دارایی، ڕۆڵێکی کاریگەری لە کۆمەڵەدا دەگێڕا.
لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٥ی زایینی)، یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان بوو و ئەرکی خەرج و تێچوونی ئەو حیزبەی وە ئەستۆ گرت. کە هەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بوو و لە کۆماری کوردستانیشدا بەشێکی زۆری تێچوو و مووچەی پێشمەرگەی لە سەروەت و سامانی ئەو دابین کرا. جگە لەو ئەرکە، کاری ڕێکخستن و یەکگرتوویی سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەی بە باشی بەڕێوە برد. لە سەردەمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا وەک وەزیری جەنگ و یارمەتیدەری سەرکۆماری کوردستان دیاری کرا. هاوکات ئەرکی نوێنەرایەتی کۆماری کوردستان لە مەجلیسی نەتەوەیی کۆماری ئازەربایجانی پێ ئەسپێردرا.
لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری محەمەد حوسێن خان سەرچاوەگەلی جیاواز لەبەر دەست دان کە لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند دانەیان دەکەین:
نەجەف قوڵی پەسیان لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێ: ڕۆژی دووی ڕێبەندان دوای ئەوەی قازی محەمەد کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، محەمەد حوسێن خان بە جلوبەرگی سەربازی وتارەکەی خۆی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا قازی محەمەدی بە پێشەوای نەتەوەی کورد و سەرکۆماری کوردستان ناوزەد کرد.
مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێوردا دەڵێ: مانۆڕی هێزی ئازەربایجان لە نزیک شاری تەورێز بەڕێوە دەچوو، پێشەوا منیشی لەگەڵ خۆی برد. لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لەسەر بابەتێک محەمەد حوسێن لێم توڕە بوو، محەمەد حوسێن خان ئامۆزای پێشەوا و کوڕی جەنابی سەیفولقوزات، پیاوێکی باڵابەرز و چوارشانە و بەخۆوە و تا خودا حەز بکا کوردێکی دڵسۆز و نەتەوەیی بوو. پیاوێکی ئازا و چاونەترس بوو هەر بۆیە کرابوو بە فەرماندی هێزی پێشمەرگە.
ڕۆژنامەی (آتش) کە هی سپای ئێران بوو، نووسیبووی محەمەد حوسێن خان کەسێکی تایبەت بوو، لە ئازایەتیدا کەس ناگاتە ئاستی ئەو. کەسێک بوو کە لە کاتی سێدارەدا تەنافی گەردنی پچڕا کەچی هەر بە دەنگی بەرز دەینەڕاند “بژی کورد و کوردستان” و بۆ جاری دووەم لە سێدارە درا.
ڕەحمان حەلەوی لە کتێبی “لە مەهابادەوە تا بایکانوور” دەنووسێ: محەمەد حوسێن خان مرۆڤێکی یەکجار خاوەن ڕێز و ئازا بوو و داوای شادی و ڕەحمەت بۆ ڕوحی پاکی دەکەم.
لە کتێبی “آزادیق یولوندا مبارزە” چاپی باکۆ کە لە لایەن حیزبی کۆمۆنیست بڵاو کراوەتەوە باس لە محەمەد حوسێن خان دەکرێ و دەڵێ فەرماندەیەکی ئازا و چاونەترس بوو، زمانی ڕووسی بە باشی دەزانی، لە دادگادا بەرگرییەکی بێوێنەی کرد و لە کاتی سێدارەدا بەو پەڕی بێباکی و بە سەرفرازی گیانی ئەسپارد بە شێوەیەک کە زیاتر لە ئەفسانە دەچێت.
هاشم سەلیمی لە کتێبی “پەنجە مۆر”دا دەنووسێ: محەمەد حوسێن خان کەسێکی خوێندەوار و زانا بوو و هەر ئەو تایبەتمەندییانەش ئەوی لە هاوسەردەمەکانی خۆی جیا دەکردەوە. خوێندن لە زانکۆ و زانستی چەندین زمانی دەرەکی، وای کردبوو پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ ڕووناکبیران و زانایانی ئەو کات هەبێ.
هاشم سەلیمی لە کتێبەکەی خۆیدا دەنووسێ محەمەد حوسێن خان بە هۆی خوێندن لە خوێندنگە و کالێجە بە ناوبانگەکانی ئەو کات، لەگەڵ زۆربەی ڕووناکبیران و کەسایەتییەکانی سەردەمی خۆی ناسیاوی و هاوڕێیەتی هەبوو کە دەتوانین ئاماژە بەم کەسانە بکەین: ئەحمەد کەسرەوی، حەسەن تەقیزادە، عەلی ئەکبەر سیاسی، میرزا حەسەن ڕوشدیە و مامۆستا پەروەریش.
شەهید محەمەد حوسێن خان ڕۆڵێکی کاریگەر و چارەنووسسازی لە دامەزراندنی حیزبی دیمۆکڕات و هەروەها بەدیهاتنی کۆماری کوردستاندا هەبووە. بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر گرینگی نەخشی ئەو کەڵەپیاوە لە ڕووداوەکاندا نەکراوە. تەنانەت لە دروست کردنی پەیوەندی نێوان ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمی ئێران لەگەڵ پێشەوا قازی و نووسەر و ڕووناکبیرانی کورد ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بانگهێشت کردنی ئەحمەد کەسرەوی، نووسەر، مافناس و بلیمەتی کەموێنەی ئێران بکەین بۆ گوندی سەراو کە موڵکی خۆی بوو و دوای میواندارییەکی شیاو، کەسرەوی دێنێتە مەهاباد و لەگەڵ پێشەوا و نووسەران و ڕووناکبیرانی ئەو کاتی کوردستان ئاشنای دەکا.
هەروەها لە دوای وتووێژەکانی پێشەوا و قەوامولسەلتەنە لە گەلاوێژی ١٣٢٥ی هەتاوی، محەمەد حوسێن خان بە فەرمانێکی فەرمی کە موزەفەر فیروز جێگری سەرۆکوەزیران ڕادەستی کرد، وەک فەرمانداری شاری مەهاباد دیاری کرا. بەڵام زۆری نەخایاند کە هێزی سەربازیی دەوڵەتی ناوەند هێرشی کردە سەر کوردستان، محەمەد حوسێن خان بە ئازایەتی و چاونەترسی خۆی ڕۆڵێکی گەورەی لە بەربەرەکانی و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی سەقز و میاندواو گێڕا. لە مانگی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی و دوای هاتنی هێزی سەربازی حکومەت بۆ ناو شاری مەهاباد، محەمەد حوسێن خان و پێشەوا و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری کوردستان دەستبەسەر کران. لە درێژەی دادگایی کردنیاندا محەمەد حوسێن خان داکۆکییەکی گەورەی لە خۆی و کۆمار کرد بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچوو. دوای تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان، لە شەوی دەی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی (١٩٤٧ی زایینی)، محەمەد حوسێن خان لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد و سەدری قازی بە دەستی خوێنڕێژانی حکومەتی شای ئێران لە سێدارە درا و بوو بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد. دەتوانین بڵێین خودی لە سێدارەدانی محەمەد حوسێن خان هەم کارەساتێکی مرۆیی بوو هەم چیرۆکێکی ئەفسانەیی. دوای ئەوەی پێشەوا لە سێدارە دەدرێ، محەمەد حوسێن خان دێنن بۆ پای سێدارە، بە دیتنی تەرمی پێشەوا خۆی ڕادەپسکێنێ و سەرەڕای ئەوەی دەستی بەستراوە بە شەق پەلاماری دوو ئەفسەر دەدا و بە دەنگی بەرز جنێو دەدا. بە چەند کەس ئەو کەڵە پیاوەیان پێ ڕاناوەستێ. لە کۆتاییدا بە زۆر دەیگرن، کاتێک لە سێدارەی دەدەن تەنافەکە دەپسێ و دەکەوێتە خوار. دیسان بە دەنگی بەرز هاوار دەکا و دەڵێ “بژی کورد و کوردستان”، سەرەڕای ئەوەی لە سێدارەدانی دووبارەی کەسێک کە تەنافەکەی پساوە نایاساییە بەڵام دیسان بەرزی دەکەنەوە و بۆ جاری دووەم لە سێدارەی دەدەن. ئەوەش نیشانەی ترسێکی زۆری دەوڵەت لە کەسایەتی محەمەد حوسێن خان بووە کە بەهەر شێوەیەک بێ لە ناوی ببەن.
سەرچاوەکان:
۱. کتێبی آزادی یا دار (بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی)
۲. نهێنی دادگایی کردنی قازی محەمەد و هاوڕێیانی (بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی)
کۆ کردنەوە: محەمەد ڕەزا سەیف قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی
































