ماڵپەری قازی

عومەر قازی

کاک عومەر قازی بۆخۆی لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی بە ناوی (ئەوەی دیتم و بیستم) بەو جۆرە پێناسەی خۆی دەکات:
ناوم عومەرە لە ڕۆژی حەوتی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی لە دایک بووم. زۆر جار بە شۆخی یان بە ڕاستی ئاماژەم بەوە کردووە، ئەگەر خەڵک پشتیان بە سێزدەیەک چەماوە، من گیرۆدەی چەند سێزدانم کە دوویان ڕێکەوتی لەدایکبوونمە و چەند سێزدەی دی کە دواتر باسیان دەکەم. دوور نییە دوایین ماڵاواییم سێزدەیەکی تر بگرێتەوە و بە فەرمی ببێتە سێ سێزدە. کوڕی خوا لێخۆشبوو میرزا وەهابی قازی لە بنەماڵەی قازییەکانی مەهابادم. مەڕحومی بابم لە نێو جەماوەردا بە مامە ناسرابوو، بە قەولی خۆی مامی هەموان بوو، زۆر قسە خۆش و وردبین بوو. لە لایەن دایکمەوە خەجیج خانمی قازی دەبم بە نەوەی مەڕحومی میرزا فەتاحی قازی.
لە مەهاباد لەدایک بووم، ئەو شارەی کە سەری مارەکەیە. لەشاری شەهیدان، لە شاری شەهید پێشەوا، لە شاری موعینییەکان، لەو شارەی کە قەرار بوو بە دەستی کۆماری ئیسلامی بکرێتە جێ بێستانی یارەڵماسی(پەتاتە). بەپێچەوانەی ویستی نەیاران، مەهاباد نەک هەر نەکرا بە بێستان بەڵکوو وەکوو ئۆختاپوس بۆ دوژمنانی گەل بۆ ئەولا و ئەولا خوشیوە. لە لایەک بەرەو شاروێران ڕۆیشتووە، لە کەڵکی بەگزادان وەسەر کەوتووە و لە لایەکی دیکەوە دۆڵ و دەڕەکانی لای مەنگوڕایەتی تێکی پێچاوە و لک و پۆپی بەروە ناوچە شاخاوییەکانی مەنگوڕان هاویشتووە و بەم جۆرە لە شارۆچکە هاتۆتە دەرێ و بۆتە شارێکی تەواو.
عومەر قازی، کادر، پێشمەرگەی دێرین، زیندانی سیاسیی، کەم ئەندامی بەندیخانە، ئەفسەری سوپا، مامۆستای قوتابخانە و کەسایەتی خۆشناوی شاری مەهاباد، خاوەن برایەک و دوو خوشک بە ناوەکانی محەممەد ناسراو بە کاکە شینە و خاتوو شاسوڵتان(هەوەڵین مامۆستای ژنی قوتابخانەکانی کۆماری کوردستان) و خاتوو شاشان قازییە. ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لەگەڵ خاتوو مینا گەنجعەلی (وەفا) زەماوەندی کردووە کە دوو کچ و دوو کوڕ بە ناوەکانی هەڵاڵە، کامڕان، شیرین و سۆران بەرهەمی ئەم ژیانە هاوبەشییەن..
لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە شاری مەهاباد وەبەر خوێندن نراوە کە تا ڕادەیەک هاوکات بووە لەگەڵ پێکهاتنی کۆماری کوردستان و بەم بۆنەوە قوتابی قوتابخانەی کۆماریش بووە و لە پۆلی سەرەتاییدا بە کوردیش دەرسی خوێندووە. هەر لەو قۆناغەدا بە هەڵکەوت بە هۆی چاونەترسی و ئازایەتی منداڵێک لەو تەمەنەدا، لە لایان پێشەوا قازی محەممەد خەڵات دەکرێ و بە وتەی خۆی ئەوە گەورەترین شانازی هەموو ژیانی بووە کە بە دەستی مبارەکی پێشەوا ئاڵای کوردستان لە یەخەی کراسەکەی دراوە.. لە دوای تێپەڕ کردنی قۆناغی سەرەتایی، هەر لەم شارە درێژەی بە خوێندن داوە و دیپڵۆمی تەبیعی وەرگرتووە. لە دوای وەرگرتنی دیپڵۆم دەچێتە سەربازی و دواتر لە زانکۆی بەشی ئەفسەری خوێندویەتی و بوو بە ئەفسەر بۆ ماوەی دوو سال لە شاری شیراز ماوەتەوە.

لێرە چەند وێنەیەک لە کاک عومەر لە دەورەی ئەفسەریدا ببینە


کاک عومەر هەمیشە هەستی بە چەوساوەیی، نابەرانبەری، زۆڵم و زۆری بەرانبەر بە میللەتی کورد کردووە و بۆ ڕزگاری گەلەکەی تێکۆشاوە. بەرەنگاری ڕێژیمی ملهوڕی پەهلەوی بۆتەوە و هەروەها دژ بە ڕێژیمی دیکتاتۆڕ و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ڕاساوە. هاوکار و هەڤاڵی نیزیکی شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان، سکرتێرەکانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران، کاک ئەحمەد تۆفیق و دوکتور سادق شەڕەفکەندی بووە.
عومەری لاو بۆ هەوەڵ جار لە دەیەی سێدا لە درێژەی ئەرکێکی پێئەسپێردراو بۆ لای شەهید سولەیمانی موعینی بۆتە ئەندامی فەرمی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران. عومەر قازی چالاکانە هەموو ئەرکەکانی حیزبی لەناو شار ڕادەپەڕاند و هاوکات بە هۆی ساماندارییەوە دەستی باڵای هەبوو بۆ کۆ کردنەوە و ناردنی یارمەتی و پشتیوانی لە خەباتی چەکدارانەی کوردەکانی باشوور بە رێبەرایەتی ژێنێراڵ مەلا مستەفا بارزانی کە بە شۆڕشی ئەیلول ناوی دەرکردووە.
لە کاتی ئەنفال و کۆچڕەوەکەی باشوور، ماندوو نەناسانە خانوو و سەرپەنای بۆ ئاوارەکان پێکهێناوە و قوتابخانەی بۆ قوتابییەکانیان دابین کردووە.
هەر لەم قۆناغەدا کەوتۆتە ژێر چاوەدێری چڕی دایرەی ساواک و تەنانەت قۆڵبەست و ئەشکەنجە دەکرێت و لە ژێر ئەشکەنجەدا ژنەوایی گوێی چەپی بۆ هەمیشە لە دەست دەدا. دوای تەواو بوونی زانکۆی ئەفسەری، بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی، کاری سپایی پێ نادەن و دەرسی مامۆستایی دەخوێنی و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد و زۆر زوو لە دێهاتەکانی شاری دیواندەرەی کوردستان دەبێتە مامۆستای قوتابخانە. زۆری پێناچێ کاک عومەر لەو ناوچەیە دەست دەکات بە کاری رێکخستن و مامۆستاکانی تری قوتابخانەکان هان دەدات بۆ چالاکی سیاسی. لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا مامۆستای قوتابخانە دەکەوێتە بەندیخانە.

وێنە مێژوییەکانی کاک عومەر قازی

ساڵی ۱۳۴۲ی هەتاوی کاک عومەر بۆ پشووی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد بەڵام بەختی دەگەڵ نابێ و لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوە بۆ مەهاباد لەگەڵ نیزیک بە ۲۵۰ شۆڕشگێڕی تر قۆڵبەست و ڕەوانەی زیندانی قەسری تاران دەکرێن. لە تاران بڕیاری سێدارەی بۆ دەردەچێ. کاک عومەر لە دادگا بەرگری لە خۆی دەکا و بەڵگەنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مام جەلال لەو کۆبونەوە باسی نەتەوەی کورد دەکا پێشکەش دەکا و لە دادگای پێداچوونەوەدا بڕیاری ئێعدام بە دە ساڵ حەبس دادەشکێ کە ئەویش دوای چەند ساڵان وەبەر لێبوردنی گشتی دەکەوێ. لە ئاکامدا لە ساڵی ۱۳۴۷ی هەتاوی لە زیندان ئازاد دەکرێ. لە دوای ئازاد بوون و گەڕانەوە بۆ کوردستان، گرژ و مکوڕتر لە پێشوو، درێژە بە چالاکی سیاسی دەدا. لە ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی ئێران بەشداری بەرچاوی هەبووە. لە ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی نەمر عەزیز یۆسفی کە بەرانبەرە لەگەڵ ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧، یەکەم کەس دەبێ کە هەلی خرۆشانی ئەم ڕێوڕەسمە دەقۆزێتەوە و وتار و دروشمی تووندی سیاسی دەدا و خەڵک هان دەدا بە ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێژیمی دیکتاتۆری شاهەنشاهی. ئەم ڕێپێوانە دەبێتە یەکەم پڕیشکەی شۆڕش لە مەهاباد و سەرانسەری شارە کوردەکان لە ڕۆژاوای ئێران. یەک ڕۆژ دوای ئەم ڕێپێوانە وێڕای چەند کەسی تر لە چالاکوانانی سیاسی، سەرلەنوێ دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی ورمێ دەکرێن و دووبارە بڕیاری ئێعدامی بۆ دەبڕنەوە. دوای چوار مانگ زیندانیی، لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ۱۳۵۷ی گەلانی ئێران، دەرگای زیندانەکان دەکرێنەوە و کاک عومەر دووبارە لەسزای سێدارە ڕزگاری دەبێت.
لەگەڵ بەلاڕێدا چوونی ئەم شۆڕشە، عومەر قازی چاونەترستر لە پێشوو هاتە ناو جەرگەی خەبات و گۆڕەپانی شەڕی چەکداری لە دژی فتوای جەهادی خومەینی کە ڕشتنی خوێنی کوردی بە ئەرک و حەڵاڵ ڕاگەیاند، چەکی هەڵگرت. ماوەیەک وەک بەرپرسی پادەگانی مەهاباد، بەرپرسی شووڕای شار، ئەندامی تەشکیلاتی سیاسی، بەرپرسی تەشکیلاتی سیاسی شاری ورمێ و فەرماندەی هێزی نەحۆ خزمەتی کردووە..
لە ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی بۆ راپەڕاندنی ئەرکێکی حیزبی کاتێک لە شیمالی کوردستان ڕا بەرەو مەهاباد دەگەڕێتەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی لە لایەن شەمشەمەکوێرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەستگیر و زیندانی دەکرێ.
کاک عومەر لە کاتی گیرانیدا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سال بێ سەروشوێن دەبێت و هیچکەس و لایەنيک نازانن لە کام زیندانی ئێڕان دایە و ئایا لە ژیاندا ماوە یان نا؟ مینا خانمی خێزانی ماندوو نەناسانە و بێ گوێدان بە دەنگۆکانی ڕێژیم، لە گەڕان بەدوای کاک عومەردا سڵ ناکاتەوە. هەر سامانێکی هەیبوو کردی بە بەرتیل بۆ قازی دادگا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ دیتنەوە و ئازادکردنی کاک عومەر.
لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا (ئەوەی دیتم و بیستم) دا هاتووە: بارودۆخی زیندانی ڕێژیمی ئیسلامی لە شێوەی هیچکام لە زیندانەکانی پێشوو نەدەچوو. زیندانییەکان بە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین شێوە دەکەوتنە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ڕوحی و جەستەیی. بەڵام ئەشکنجەدان و زیندان ورەی بەرزی کاک عومەری دانەبەزاند و بەپێچەوانە، ناوبراو بە ئازایەتی و جەسارەتێکی لە ڕادەبەدەر، بەرەنگاری چارەنووس بۆوە، هەر بۆیەش لە ناو بەندیخانەدا ناو بانگی بە ئازایەتی دەرکردبوو.
لە ئاکامی ئەشکنجەی زۆردا، کاک عومەر ئەندامەکانی لای چەپی بە تەواوی لەدەست دەدا. تووشی جەڵتەی مێشک دێت و بەو حاڵەشەوە لە درێژەی پڕۆسەی دادگایی کردندا وەک پەرجوو لە ئێعدام ڕزگار و بە ۲۰ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێ. لە ساڵی ۱۳٦۷ وەبەر لێبووردنی گشتی دەکەوێ و بە ڕوح و جەستەیەکی ئازار پێگەیشتوو ئازاد دەکرێ.
لەو سەروبەندانەدا بوو کە هاوپۆل و هاوڕێی دێرین، شەهید دوکتور سادق شەڕەفکەندی وڵامی بۆ دەنێرێ کە بۆ چارەسەر و دەرمان لە ڕێی حیزبەوە دەینێرن بۆ ئوروپا و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە وڵات بەجێ بهێڵێ.
عومەر قازی نیوەشەوێک وێڕای هاوژین و منداڵەکانی بەرەو قەندیل و چارەنووسێکی نادیار وەڕێ دەکەون. ماوەیەک لە قەندیل و شارۆچکەی کۆیە دەمێننەوە و لە بەختی تاڵی کورد، لەو ساتەدا دوکتور شەڕەفکەندی بە دەستی چەپەڵی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامی تێڕۆر دەکرێ. بە نەمانی دوکتور شەڕەفکەندی، بەڕێکردنی عومەر قازیش وەپشتگوێ دەخرێ و پتر لە دوو ساڵ لە کەمپەکانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە شارۆچکەی کۆیە دەمێننەوە. لە ئاکامدا بە هۆی حەول و بەدواداچوونی کچی کاک عومەر، خاتوو (هەڵاڵە) کە ماوەیەک پێشمەرگە و ئەوکات کادڕی حیزب و پەنابەری وڵاتی سۆئێد بوو، کارئاسانیان بۆ دەکرێ و دەگەنە وڵاتی سۆئێد. لەم وڵاتە، دوای پشکنینی پزیشکی بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە کاتی دەرمان بەسەر چووە و درەنگ دەفریا کەوتوون. کاک عومەر دەرمان ناکرێ بەڵام زۆر زوو دەردەکەوێ کە هاوسەرەکەی خاتوو مینا، تووشی نەخۆشی کوشەندەی شێرپەنجە بووە و چەند مانگ زیاتر ناژی.

پاش ماوەیەکی کورت نیشتەجێ بوون لە وڵاتی سۆئێد، کاتێک خاتوو مینا دەزانێ ساتەکانی کۆتایی تەمەن نزیکە، داوا دەکا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دوا ساتەکانی تەمەن لە شار و زێدی خۆی تێپەڕ کات و هەر لە خاکی کوردستان تەسلیم بە خاک بکرێت. سەرەڕای ئەوە کە ئەم گەڕانەوەیە بۆ کاک عومەر زۆر مەترسیدارە، ئامادە نابێ هاوژینە وەفادارەکەی بە تەنیا بگەڕێتەوە، هەر بۆیەش منداڵەکانیان لە سۆئێد بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ ئێران. هاتنەوەی کاک عومەر دەبێتە هۆی دەستبەسەر بوونی دووبارەی لە زیندان لە تاران و دواتر لە ورمێ و دوو رۆژ پێش کۆچی دوایی هاوژینەکەی ئازاد دەبێ.
لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۳۷۴٫۳٫۱۲ی هەتاوی، خاتوو مینا گەنجەلی کۆچی دوایی دەکا و وەکی بۆخۆی دەگێڕێتەوە، لە هەموو تەمەنیدا سێ جار گریاوە: بۆ ئاش بەتاڵەکەی باشوور، بە بیستنی هەواڵی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو و لە خەمی کۆچی دوایی هاوژینەکەی کە گەورەترین و وەفادارترین پشتیوان و هاوڕێی ژیانی بووە. لە دوای کۆچی هاوسەرەکەی، دەست بە نووسینەوەی سەربوردەی ژیانی خۆی دەکات کە ئێستا لە دوو بەرگدا لە ژێر ناوی (ئەوەی دیتم و بیستم) لە چاپ دراوە و لەبەر دەستی خوێنەران دایە.
کاک عومەر ئەو جارە ماڵ و مڵک و تەنانەت ئەم چاوە خانوویەی کە خۆی و خاوخێزانەکەی تێیدا دەژیان نەمابوو و هەمووی لە لایەن فەرمانگەی (موستەزعەفین)ڕا موسادرە و داگیر دەکرێت.
پێشمەرگەی دێرین دەگەڵ هەموو تەنگ و چەڵەمە، گوشار و داپلۆسین هێشتا کۆڵی نەداوە و بە ورەیەکی بەرز و پۆڵایینەوە لە هەموو خۆپێشاندانە جۆراوجۆرەکانی سەر شەقام وەک پشتیوانی لە کۆبانی، بۆنەی ڕێفراندۆمی باشوور، ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن و … بە وتار و دروشم، بەشداری چالاک و بەرچاوی هەبووە. ناوبراو بەردەوام سەردانی گڵکۆی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی دەکرد و تەنیا کەسێک بوو لە شاری مەهاباد کە بە فەرمی هۆشداری پێدرا چیتر بۆی نییە بچێتە سەر گڵکۆی شەهیدان ئەگینا دووبارە زیندانی دەکرێتەوە.
بە پیرەسەری وەک کەم ئەندامی سیاسی هەر چەند پیشتر لە ساماندارترینەکانی مەهاباد بوو، لە خانووی کرێ دەگەل شیرین خانمی کچی ژیان دەکات و ناوبراو زۆر بە باشی ئاگای لەباوکی بەرێزی بوو. پێشمەرگە و فەرماندەی دێرین کاک عومەر قازی لە ڕێکەوتی ۱۴۰۱٫۱٫۳۰ی هەتاوی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی قازی ئاوا بە ئاڵای کوردستان لە سەر تەرمەکەی تەسلیم بە خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا.

وێنەکانی کاک عومەر قازی و سەرەخۆشی و رێوو رەسمی رێزگرتن لە کاک عومەر

Scroll to Top