ماڵپەری قازی

قازی فەتاح

قازی فەتاح کوڕی گەورەی میرزا ئەحمەد قازی ناسراو بە (شیخ المشایخ/ شیخ الرئیس)، لە ساڵی ١٢٣٠ی کۆچی خۆری (١٨٥١ی زایینی) لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. فاتمە خانمی دایکی قازی فەتاح لە بنەماڵەی بداق سوڵتانی موکری بووە. لە مناڵییەوە لە لای باوکی و دواتر لە لای مامۆستا مەلا گچکەی هەولێری بووە بە فەقێ و زانستەکانی ئەو سەردەم وەک “سەرف و نەحوی عەرەبی، مەنتیق، حیکمەت و کەلام”ی خوێندووە و بە گەنجی پلەی باڵای خوێندەواری بەدەست هێناوە. جگە لە زانستی ئایینی و حیکمەت، لە بواری سیاسی کەسێکی وریا و زانا بووە و لە کاتی تەنگانەدا شەڕکەرێکی لێهاتوو و چاونەترس بووە و لە ئەنگێوەییدا ناوبانگی هەبووە. خۆشنووسێکی بە توانا هەروەها لە داڕشتنی شێعردا خاوەنی قەڵەم بووە. بە هۆی زانستێکی زۆر و کەسایەتی تایبەتی خۆی، وەک باب و باپیرانی ئەرکی دادوەری (قضاوت)ی مەهاباد و دەوروبەری پێ دەسپێردرێ. قازی فەتاح لە سەرەتاوە هەستی بە زوڵم و زۆریی دەسەڵاتداران لە دژی نەتەوەی کورد کردووە و هەوڵی داوە لە دژی ئەم بارودۆخە بوەستێ، هەر بۆیە ئیزنی نەداوە هیچ حاکمێک لە لایەن دەوڵەتەوە ڕوو لە مەهاباد بکا بەڵکوو کاروباری شار و ناوچەکەی بە کەسانی لێهاتووی کورد ئەسپاردووە. ناوبانگی قازی فەتاح لە ئازایەتی و خۆڕاگریدا بووەتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە و لە سەردەمی ئەودا هیچکام لە عەشیرەکانی ناوچە نەیانوێراوە بۆ مەبەستی تاڵان و زوڵم ڕوو لە مەهاباد بکەن. سەرەڕای ئەوەی لە لایەن کۆنسولی ڕووسیەی تێزاری لە مەهاباد و محەمەد ئاغای ئیلخانی سەرۆکی عەشیرەی دێبۆکری و بەشێکی زۆر لە عەشیرەی مەنگووڕ دژایەتی دەکرا و لە لایەکی دیکەش ڕکابەرێکی بەهێزی وەک محمەدحوسێن خانی موکری کە حاکمی ئەوکاتی مەهاباد بوو بەربەستی بۆ دروست دەکرا، هیچکات کۆڵی نەدا و لە هەوڵدان بۆ بەدی هێنانی ئەمن و ئارامی لە ناوچەدا ماندوو نەبوو. قازی فەتاح تا ڕادەیەک هێز و دەسەڵات پێک دەهێنێ کە هەرکات حاکمێکی دەوڵەتی کارێکی نابەجێی کردبێ، لە شار دەری کردووە و ئیزنی پێنەداوە بگەڕێتەوە مەهاباد.
قازی فەتاح پێدانی باج و ماڵیات بە حکومەتی ناوەندی ڕادەگرێ و داوای بودجە بۆ ئاوەدانی و خزمەتگوزاری شار لە دەوڵەت دەکا. ساڵی ١٩٠٣ی زایینی، وەلیعەهد و جێگری پاشای قاجار، قازی فەتاح بانگهێشتی شاری تەورێز دەکا و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێدەکا. دوای دوو ڕۆژ لە میوانداری، ڕۆژی سێهەم دوو فەوج سەرباز دەوری شوێنی مانەوەی قازی فەتاح دەگرن و دەستبەسەری دەکەن و بە سواری کالیسکە بەرەو شاری تاران بەڕێی دەکەن. شازادەی قاجار بەوە ناوەستێ و هێزێکی زۆر دەنێرێتە مەهاباد و ماڵ و مناڵی قازی ڕەپێچەک دەدەن و ئەوانیش بەرەو تاران بەڕێ دەکەن.
بنەماڵەکەی لە خانوویەکدا نیشتەجێ دەکەن بەڵام قازی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گرتووخانە ڕادەگرن. بەهۆی ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆر کە لە ناو کورددا هەیبوو، نەیانوێرا بیکوژن و دوای ساڵێک، بە مەرجی ئەوەی نەگەڕێتەوە کوردستان و هەر لە تاران نیشتەجێ بێ، لە گرتووخانە ئازاد دەکرێ. کاتێک لە دەستبەسەری ڕزگاری دەبێ، مەرجی مانەوە لە تاران لەبەرچاو ناگرێ و یەکسەر دێتەوە کوردستان و لە یەکەم هەنگاودا، حاکمی مەهاباد بە ناوی فەرمان فەرمایان لە شار دەر دەکا. ساڵێک دواتر واتە لە ١٩٠٥ی زایینی، بزوتنەوەیەکی کوردستانی دادەمەزرێنێ و لە ساڵی ١٩٠٧ پەیوەندی دەکا بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئازەربایجان بە سەرکردایەتی سەتار خان. ساڵی ١٩١٠ی زایینی، لە ڕێگەی فێڵ و تەڵەکە و بەڵێنی وتووێژ کردن، دووبارە قازی فەتاح دەگرن و دەیبەن بۆ تاران.
لە کاتی دەستبەسەری قازی فەتاح لە شاری تاران، شەڕی یەکەمی جیهانی دەست پێدەکا و هەر لەسەرەتاوە ئاگری ئەم شەڕە باکووری ڕۆژئاوای ئێران واتە کوردستان دەگرێتەوە و مەهاباد دەکەوێتە چەقی ئەم شەڕ و لەشکەرکێشیانە. دەوڵەتی ناوەندی توانای پێشگرتنی سپای تورکیە و سپای ڕووسیەی نەبوو و دەیزانی کەسایەتی قازی فەتاح بۆ پاراستنی ئارامی لەو ناوچەیە زۆر پێویستە. هەر بۆیە بەڕێیان کردەوە مەهاباد. قازی هەر گەیشتەوە مەهاباد، سپایەکی چەند هەزار کەسی لە کوردی ناوچەی موکریان پێکهێنا و لە دۆڵی بەسری و لە دەشتی ئیندرقاش پێشی بە سپای ڕووسیەی تێزاری گرت و ئیزنی نەدا مەهاباد داگیر بکەن. ماوەی یەک ساڵ سپای ڕووسیە نەیتوانی لە شار و گوندەکانی موکریان نزیک بێتەوە. لە سەرەتای ساڵی ۱۹۱٥ی زایینی سپای کوردەکان بە سەرکردایەتی قازی فەتاح هێرشیان کردە سەر ئۆردووی ڕووسەکان و دوای زەبرێکی گەورە تا سەوڵی تەپەی نزیک میاندواو پاشەکشەیان پێکردن. بەڵام لە کۆتایی ساڵی ۱۹۱٥ی زایینی، تورکەکان لە بەرەکانی مەراغە و میاندواو تێکشکان و ڕووسەکان توانیان سپای ئەو ناوچانەش بێننە موکریان. دوای ئەوە کوردەکان پاشەکشەیان کرد و لە ناو شاردا دەستیان بە خۆڕاگری کرد. دوای چەند ڕۆژ شەڕ و پێکدادان، سپای ڕووسەکان دزەیان کردە ناو شار، کوڕی گەورەی قازی فەتاح کە لەگەڵ باوکی لە یەک سەنگەردا بوون شەهید دەکرێ.

قازی فەتاح و هاوسەنگەرانی تا دوا فیشەک شەڕ دەکەن و لە کۆتاییدا قازی فەتاح و چەندین کەسی تر لە خزم و هاوڕێیانی شەهید دەبن. تەرمی قازی فەتاح دەکەوێتە دەست ڕووسەکان و دوای ئەوەی بۆ دەرهێنانی ئەنگوستیلە، پەنجەی دەبڕن، تەرمەکەی وەبەر دەسڕێژی گولە دەدەن. شەو درەنگانێک عەبدولڕەحمانی کوڕی و چەند کەسی تر تەرمەکەی وەدەست دەهێننەوە و لە حەوشەی مزگەوتی شادەروێش بە خاکی دەسپێرن. ئەم ڕووداوە لە سەرەتای ساڵی ۱۹۱٦ی زایینی ڕووی داوە. دوای شەهید بوونی قازی فەتاح، ڕووسەکان دەستیان کرد بە قەتڵوعامی خەڵکی مەهاباد و وەک لە مێژوودا باس کراوە لە کەمتر لە حەوت ڕۆژدا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەم شارەیان کوشت و بەشی زۆری شارەکەیان ئاگر تێبەردا. دوایی کوڕی دووهەمی قازی فەتاح بە ناوی عەبدولڕەحمان ناسراو بە سالاری موکری و بیست کەس لە خزم و نزیکانی قازی دەسبەسەر کران و بۆ ناوچەی سیبری وڵاتی ڕووسیە دوور خرانەوە و تا چەند ساڵ لە ئۆردوگاکانی ئەم وڵاتە مانەوە.
شەهید قازی فەتاح جگە لە کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆشنووسێکی گەورە و شاعیرێکی بەتوانا بووە و بە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و عەرەبی شێعری هۆنیوەتەوە.

قازی فەتاح

سەرچاوەکان:
‌۱.ڕۆژگاری ون بوو (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
۲. مێژووی گشتی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بەرگی یەکەم (بە قەڵەمی قاسم قازی)
۳. بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیی گەلی کورد و قازی محەمەد (بە قەڵەمی دوکتور ڕەحیم قازی)
٤. کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
٥. ئازادی یا دار (بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی)
کۆ کردنەوە: ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

Scroll to Top