ماڵپەری قازی

دوکتور مستەفا قازی (شەوقی)

دوکتور مستەفا قازی (شەوقی)

]ژیاننامەی دوکتور مستەفا قازی (شەوقی)

قازی لەتیف و ئامینە خانمی هاوسەری لە ساڵی ١٢٧٥ی هەتاوی (١٨٩٦ی زایینی) لە شاری مەهاباد بوون بە خاوەنی کوڕێک کە ناویان نا مستەفا. مستەفا لە تەمەنی مناڵییەوە لە لای باوکی کە ئەو کات دادوەری شاری مەهاباد و یەکێک لە زانایانی ناوچەکە بوو دەستی کرد بە خوێندن و دوایی لە لای مامۆستایانی ئایینی ئەو سەردەم وانەی ئەدەبی و زمانی عەرەبی دەخوێنێ.
قازی لەتیف جگە لەوەی دادوەر و قازی شاری مەهاباد بوو، مرۆڤێکی زانا و تێگەیشتوو بوو و لە داڕشتنی شێعردا دەستی هەبوو. ئەو بە باشی دەیزانی داهاتووی وڵات بە خوێندن و وەدەستهێنانی زانست گەشە دەکا و پێش دەکەوێ. هەر بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٢٩٠ی هەتاوی (١٩١١ی زایینی) بۆ زیارەتی مەککەی پیرۆز ئامادە دەبوو، مستەفای کوڕیشی کە ئەوکات لاوێکی خوێنگەرم و پێگەیشتوو بوو لەگەڵ خۆی برد و ڕێگەی سەفەرەکەی بەرەو ئیستانبووڵ گۆڕی. لەوێ مستەفای بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ئاستێکی باڵادا جێگیر کرد. دوو ساڵ دوایی واتە لە ساڵی ١٢٩٢ی هەتاوی مستەفا خوێندنی دواناوەندی لە ئیستانبووڵ تەواو کرد. هەمان ساڵ بڕیاری دا بۆ خوێندنی پزیشکی بڕواتە وڵاتێکی ئوروپایی، هەر بۆیە ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد و ماوەی ٣ ساڵ واتە تا ساڵی ١٩١٦ی زایینی لە ئاڵمان مایەوە بەڵام نەیتوانی خوێندنی پزیشکی لەو وڵاتە تەواو بکا. ساڵی ١٩١٦ی زایینی دەگەڕێتەوە ئیستانبووڵ و لە زانکۆی ئەو شارە درێژە بە خوێندن دەدا. دوای تەواو کردنی خوێندن و وەرگرتنی بەڵگەنامەی پزیشکی، دەچێتەوە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان و لەوێ لە لای دوکتور جەواد قازی کە ئامۆزای بوو دەمێنێتەوە. لە بێرلین درێژە بە خوێندن دەدا و لە بواری نەخۆشییەکانی تایبەت بە مناڵان و هەناوی مرۆڤ پسپۆڕی وەدەست دەهێنێ. دوای ئەوە دوکتور مستەفا دەگەڕێتەوە ئیستانبووڵ و لە نەخۆشخانەی ئێرانی ئەو شارە دەست دەکا بە کار.
بەڵام بەر لەوەی خوێندنی پزیشکی لە ئیستانبووڵ تەواو بکا واتە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، دوای شەهید بوونی قازی فەتاح لە مەهاباد، قازی لەتیف و چەند کەس لە خزمانی لە لایەن ڕووسەکانەوە بە دیل دەگیرێن و دەگوازرێنەوە بۆ سیبری. دوای چەند ساڵ و لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی زایینی ئەو دیلانە ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان بەڵام قازی لەتیف لە بری گەڕانەوە بۆ مەهاباد، بە ڕێگەی لەهێستاندا ڕوو لە ئیستانبووڵ دەکا و سەرەڕای نەخۆشی و برینداری، دوای ماوەیەکی زۆر دەتوانێ مستەفای کوڕی ببینێتەوە. دەوڵەتی ئەو کاتی تورکییە ڕێزێکی تایبەت لە قازی لەتیف دەگرن و لە باشترین میوانخانەی ئیستانبووڵ شوێنی بۆ دابین دەکەن. هاوکات لە لایەن پزیشکانی ئەو کاتی ئیستانبووڵ دەکەوێتە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی و بە باشترین شێوە چارەسەری بۆ دەکرێ. دوای ساڵێک قازی لەتیف دەگەڕێتەوە مەهاباد و مستەفا بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ئیستانبووڵ دەمێنێتەوە. ساڵەکانی ١٩١٨ و ١٩١٩ی زایینی، دوکتور مستەفا لەگەڵ “کۆمەڵەی پێشکەوتنی کورد” کە ڕێکخراوەیەکی سیاسی بوو پەیوەندی دبێ و لە گۆڤاری “ژین” کە ئۆرگانی فەرمی ئەو کۆمەڵەیە بووە چەندین وتار و شێعری لێ چاپ دەکرێ. وەک باس دەکرێ پەخشانەشێعری دوکتور مستەفا یەکەم چیرۆکەشێعری کوردییە کە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
دوکتور مستەفا ساڵی ١٩١٩ی زایینی لەگەڵ کچێکی تورکی خەڵکی سالۆنیک هاوسەرگیری کردووە و بەرهەمی ئەو ژیانە کچێک بووە بە ناوی گیالێت (Gealet). ساڵی ١٩٢٤ی زایینی هاوسەری دوکتور مستەفا کۆچی دوایی دەکا و ساڵێک دواتر لەگەڵ کچێکی تر بە ناوی فەرەنگیس هاوسەرگیری دەکاتەوە کە بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە بریتی بوون لە سێ کچ بە ناوەکانی مەڕاڵ، ئۆیلکەر و گوڵبەسەر. لە وێنەیەکی بنەماڵەییدا کە دوکتور مستەفا بۆ گەوهەرتاج خانمی خوشکی ناردوویە ناوی مناڵەکانی نووسیوە و لەوێدا کچی یەکەمی بە نەهال ناو هێناوە.
ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی (١٩٣١ی زایینی) دوکتور مستەفا دەگەڕێتەوە ئێران و لە تەورێز میوانی جەنابی سەیفولقوزات دەبێ. لە نامەیەکدا کە جەنابی سەیف لە ڕێکەوتی ١٣١٠.١٢.١٢ بۆ شەهید محەمەد حوسێن خان نووسیوێتی ئاماژە دەکا و دەڵێ کە دوکتور مستەفا گەڕاوەتەوە و لە تەورێز چاوم پێی کەوتووە. دوکتور مستەفا لە مەهاباد دەست دەکا بە کاری پزیشکی و خزمەت کردن بە خەڵکی ناوچەکە. بەڵام دوای دوو ساڵ مانەوە لە مەهاباد، بەهۆی ئەوەی مناڵەکانی کە ژیان لە ئیستانبووڵ خەریکی خوێندن بوون، بەناچار دەگەڕێتەوە تورکییە و لەئیستانبووڵ جێگیر دەبێتەوە.
دوکتور مستەفا ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی (١٩٥٠ی زایینی) و لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا لە شاری ئیستانبووڵ کۆچی دوایی دەکا و هەر لەو شارە بەخاک دەسپێردرێ.

بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتوویی و خەمخۆری دوکتور مستەفا سەبارەت بە نیشتمانی کوردستان بزانین پێویستە ئاوڕێک لە وتارێکی دوکتور مستەفا کە لە ژمارەی ٣ی گۆڤاری “Hatawi Kurd” ڕێکەوتی ١٩١٤.١.١١ی زایینی بدینەوە کە سەبارەت بە خوێندنگەکانی کوردستان و پێویستی دامەزراندنی خوێندنگەی نوێ لەسەر شێوازێکی پێشەکوتوو و ئەوڕۆیی نووسیوێتی و لەوێدا ناس لەوە دەکا کە سێ چینی کۆمەڵگە دەستیان بەسەر پەروەردەی خوێندندا گرتووە، چینی ئاغاوەت، چینی شێخەکان و چینی مەلاکان. دەنووسێ ئەو سێ چینە هەرکامیان بە پێی بۆچوون و بەرژەوەندی خۆیان چنگیان خستۆتە بینەقاقەی پەروەردە و بەسەر خوێندنگەکاندا زاڵ بوون و ڕێگە نادەن هەموو خەڵکی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی زانستی و یەکسان کەڵک لە خوێندن وەربگرن. هەروەها یای ئاگوستا گودهارت کە خانمێکی مسیۆنێری ئامریکایی لە مەهاباد بوو و بە هۆی شەڕی یەکەمی جیهانی ناچار بووە ئەو شارە بەجێ بهێڵێ و لە ئیستانبووڵ بمێنێتەوە لە نامەیەکدا کە بۆ ناوەندی مسیۆنێرەکانی ئامریکای ناردووە دەڵێ: لێرە کوردێکی خەڵکی مەهابادم دۆزیوەتەوە، پیاوێکی گەنج بە ناوی مستەفا قازی کوڕی قازی لەتیف کە لە زانکۆی ئیستانبووڵ پزیشکی خوێندووە و باسێکی چروپڕی سەبارەت بە خەفەت و نەهامەتی کوردەکان بۆ کردووم ئەم نامەیە لە گۆڤاری “کوردستان مسیۆنێری، ساڵی ١٣، ژمارەی ٣، مارسی ١٩٢١ی زایینی”دا هاتووە. هەروەها مامۆستا حەسەن قازی کە کتێبی تاریخچە خانوادە قاضی در ولایت مُکری بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی وەرگێڕاوەتەوە سەر کوردی لە لاپەڕەی ٢١٤دا دەنووسێ: ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لەگەڵ مامۆستا دوکتور ئەمیر حەسەنپوور بە بۆنەی سەد ساڵەی لە دایکبوونی دوکتور مستەفا باسێکی چروپڕمان لە گۆڤاری (Kurdistan Missionary)دا بڵاو کردەوە کە تێیدا هێندێک لە شێعر و پەخشانەکانی دوکتور مستەفا نووسراونەتەوە. لەم وتارەدا کە لە گۆڤاری گزینگ لە وڵاتی سۆئێدیش بڵاو کراوەتەوە دوکتور ئەمیر حەسەنپوور باس لەوە دەکا کە پەخشانەشێعری دوکتور مستەفا کە بریتییە لە ژیانی خۆی لە سەردەمی مناڵییەوە تا کاتێک خوێندن تەواو دەکا لە گۆڤاری ژیندا یەکەم پەخشانی کوردی بە زاراوەی سۆرانییە کە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و بە سەرچاوەیەکی گرینگی ئەدەبی کە نزیک بە سەد ساڵ پێش بڵاو کراوەتوە ئەژمار دەکا. ئەم گۆڤارە لە ئامریکا چاپ کراوە. هەروەها بەشێک لە نامەکانی دوکتور مستەفا کە بە زمانی ئینگلیسی لەگەڵ ناوەندی زانستیی (The Lutheran Orient Mission) ئاڵوگۆڕی کردووە و لە گۆڤاری ژیندا چاپ کراون دەرخەری ئاستی زانست و تێگەیشتوویی ئەو مرۆڤە بەرزەیە.

سەرچاوە:
کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
کۆکردنەوە: ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

Scroll to Top