
ژیاننامەی شاسوڵتان قازی، یەکەم مامۆستای ژن لە کۆماری کوردستان.
شاسوڵتان قازی، کچی میرزا عەبدولوەهاب قازی و یای خەدیجە قازی، لە ڕێکەوتی ١٣٠٩.٣.٢٦ی هەتاوی (١٩٣٠.٦.١٦ی زایینی) لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. میرزا عەبدولوەهاب و یای خەدیجە چوار منداڵیان هەبوو کە بە پێی تەمەن بریتی بوون لە: محەمەد (ناسراو بە کاکه شینەی قازی ئاوا)، شاسوڵتان، عومەر، و شاشان. شاسوڵتان لە لای باب ڕا نەوەی قازی مونعیم و لە لای دایک ڕا نەوەی شەهید قازی فەتاح بوو. شاسوڵتان هەر لە مەهاباد وەبەر خوێندنی فەرمی خوێندنگە نرا و لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی پلەی شەشەمی سەرەتایی تەواو کرد کە هاوکات بوو دەگەڵ تێکچوونی دەسەڵاتی ڕەزا پەهلەوی پاشای ئێران. ماوەیەکی کورت پێش ئەو کاتە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد بەرەو گەشەپێدان دەچوو دەستی پێکردبوو. شاسوڵتان بە خواستی ڕاستەوخۆی خودی پێشەوا، ئەرکی وانەگوتنی پێدرا و خۆبەخشانە لە خوێندنگەکانی مەهاباد دەستی بەکار کرد.
سەعیدخان هومایون لە پەڕتوکی بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە زمانی فارسی “پیشوای بیداری” کە دواتر لە ژێر ناونیشانی “پێشەوای ڕابوون” وەرگەڕاوەتەوە سەر کوردی، لە لاپەڕەکانی ٧٨ و ٧٩دا باس دەکا کە: دەگەڵ دەستپێکردنی بزوتنەوەی دێمۆکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٢٠ی هەتاوی، بڕیاری دامەزراندنی “کۆمیتەی ژنان” لە لایەن کۆماری کوردستان ڕا درا تا ئافرەتانی کوردستانیش بتوانن شان بە شانی پیاوان لە پێکهاتەکانی دێمۆکراتیک و کۆمەڵایەتی بە مافەکانی خۆیان شارەزابن و لە کار و چالاکیدا بەشدار بن. سەعید خان لە درێژەی نوسراوەکەدا، ئەوجار یادداشتەکانی میرزا مەناف کەریمی دەگێرێتەوە کە: بەرپرسیارەتی کۆمیتەی ژنان ئەسپێردرا بە یای مینا قازی، هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد. هەر دەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو کۆمیتەیە، هێندێک لە کچان و ئافرەتانی مەهاباد ناونووسیان بۆ ئەندامەتی کرد، کە یەک لەوان شاسوڵتان قازی بوو. شاسوڵتان وێڕای وانە گوتن لە خوێندنگە، لە چالاکی فەرهەنگی و سیاسی ئەو کۆمیتەیەدا بەشدار بوو و چەند نوسراو و وتاری پیشکەش کرد کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئەوکاتدا لە چاپ دراون. یای شاسوڵتان دواتر دەگەڵ میرزا خەلیل فەتاح قازی، کوڕی میرزا رەسووڵ هاوسەرگیری کرد. بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە ٧ کوڕ بوو بە ناوەکانی: مستەفا، جەعفەر (هەردوو لە تەمەنی منداڵیدا مردوون)، ڕەحیم، سەلاح، مستەفا، یۆسف، ئەبوڵقاسم(ناسراو بە لوقمان).
هەرچەند کە یای شاسوڵتان لە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، کۆتایی بە چالاکی سیاسی و وانەگوتن هێنا، بەڵام هەرگیز لە هەستی نیشتیمانپەروەری و کۆمەڵدۆستی خۆی لای نەدا. هەموو کات بە گوێڕاگرتن بە هەواڵەکانی ڕادیو و تلویزیون، خوێندنەوەی پەرتووکی مێژویی، خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە، هەوڵی دەدا تا ئاستی زانیاری خۆی لە دونیای دەوروبەر بەرز و بەڕۆژ ڕابگرێ. هەموو کات هەوڵی دەدا کە ئەندامانی بنەماڵە، هاوڕێیان و ئاشنایان، بەتایبەت کچان بۆ درێژەدان بە فێربوون و خوێندن لە ئاستی باڵادا هان بدا.
لە ساڵی١٣٣٠ی هەتاوی (١٩٥١ی زایینی) بە هۆی گواستنەوەی کاری میرزا خەلیل، بنەماڵەکە لە مەهاباد ڕا گوازتیانەوە بۆ تەورێز و هەتا خانەنشینی میرزا خەلیل لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی (١٩٧١ی زایینی) لە تەورێز مانەوە. بنەماڵەکە لە ساڵی ١٣٥٥ هەتاوی (١٩٧٦ی زایینی) گەڕانەوە مەهاباد. لە دوای کۆچی دوایی میرزا خەلیل لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی (١٩٩٠ی زایینی)، یای شاسوڵتان ماڵەکەی گوازتەوە بۆ شاری “ورمێ” و لە لای دوایین کوڕی ئەبوڵقاسم نیشتەجێ بوو و هەر لەوێ ژیا هەتا لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ١٤٠٠.٩.٢٥ی هەتاوی (٢٠٢١.١٢.١٦ی زایینی) لە تەمەنی ۹۱ ساڵی، لە ماڵێ و لە کاتێک کە بنەماڵە لە دەوری بوون، ماڵئاوایی لە ژیان کرد. تەرمەکەی گەڕاندراوە بۆ مەهاباد و لەگەڵ داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لە لایەن خزم و خەڵکی شاری مەهاباد لە گۆڕستانی گوندی “قازی ئاوا” بە خاک ئەسپێردرا.
سەرچاوەکان:
- پەڕتوکی “پێشەوای ڕابوون”، بیرەوەرییەکانی سەعید خان هومایون (کۆکراوەی کاک هاشم سەلیمی) وەرگێڕانی بە کوردی: کاک ڕەسووڵ سوڵتانی.
- مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، سەردەمی زێڕینی نەتەوایەتی. بەرگی ١، بە قەڵەمی قاسم قازی.
- ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٨، هەشتی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٦.١.٢٨ی زایینی).
نووسەری ئەو لاپەڕە: دوکتور یوسف فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی













