ماڵپەری قازی

قازی عەلی

قازی عەلی

قازی عەلی ساڵی ١٢٤١ی هەتاوی (١٨٦٢ی زایینی) لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. قازی عەلی کوڕی میرزا قاسم قازی و ئامینە خانم چاوڕەقان بوو. میرزا قاسم و ئامینە خانم خاوەنی چوار مناڵ بە ناوەکانی عەلی، عەسکەر، ئەبولحەسەن و پیرۆزە بوون. ئامینە خانم بە گەنجی کۆچی دوایی دەکا و میرزا قاسم لەگەڵ فاتمە خانم کچی ئەمینولئیسلام هاوسەرگیری دەکاتەوە.
عەلی خوێندنی سەرەتایی لە لای میرزا قاسمی باوکی دەست پێدەکا و دوایی بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە شاری سنە دەکا و لە لای مەلا پیرەباب کە زانایەکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە خوێندنی ئایینی تەواو دەکا و ئیزنی مەلایەتی وەردەگرێ. عەلی گەنج و لاو لە سەردەمی خوێندن لە سنە لەگەڵ خەلیل خان کوڕی شێربەگ، سەرۆکی عەشیرەی فەیزوڵابەگی هاوپۆل دەبێ و دەبن بە هاوڕێیەکی نزیک. ئەم هاوڕێیەتی و دۆستایەتییە دەگاتە ڕادەیەک کە خەلیل خان حەز دەکا خزمایەتی لە نێوانیاندا دروست بێ، هەر بۆیە پێشنیاری پێدەکا تا لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی گەوهەرتاج خانم هاوسەرگیری بکا. مەلا عەلی بەم شێوەیە ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کچی شێربەگ خان کە ئەوکات لە سڵەمانکەندی نزیک شاری سەقز نیشتەجێبوون پێک دەهێنێ.
مەلا عەلی و گەوهەرتاج خانم سەرەتا سێ مناڵیان دەبێ بە ناوەکانی فاتمە، محەمەد و ئەبولقاسم کە هەر سێک بە مناڵی دەمرن. دوایی چوار مناڵی تریان دەبێ کە هەر چوار لە ژیاندا دەمێنن بە ناوەکانی: خەجیجە خانم، محەمەد (شەهید پێشەوا قازی)، ئەبولقاسم (شەهید سەدری قازی) و ئامینە خانم.
مەلا عەلی دوای تەواو کردنی خوێندنی ئایینی، بەهۆی زانایی و لێهاتوویی لە ڕیزی گەورە مامۆستایانی کوردستان ئەژمار دەکرا، جگە لە زانستی تەفسیر، سەرف و نەحو، لە بیرکاری (ریاضی) و خۆشنووسیدا کەسێکی هەڵکەوتە بوو. هەروەها لە بواری کەسایەتی و هەڵسوکەوتەوە مرۆڤێکی تایبەت و خاوەن جێگە و پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی بوو.
مەلا عەلی دوای کۆچی دوایی باوکی، دەبێتە قازی مەهاباد و ناوچەی موکریان و لەو کاتەوە بە قازی عەلی ناوزەد کراوە. ماڵی قازی هەموکات مەکۆی لێقەوماوان و هەژاران بووە و بەهەر شێوەیەک لە دەستی هاتبا هاوکاری کەسانی داماو و دەستکورتی کردووە و ئەمەش وای کردووە تا قازی عەلی لە کۆمەڵگەدا کەسێکی خۆشەویست و ڕێزدار بێ. مەحکەمەی قازی عەلی شوێنی دادپەروەری بوو و بەردەوام کێشە و گرفتی خەڵکی ناوچەکەی تێدا چارەسەر دەکرا. قازی بە مێهرەبانی، ئارامی و دڵفراوانی بەناوبانگ بوو و هیچکات نە توڕە دەبوو و نە خۆی پێ لە خەڵک بەرزتر بوو. لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و پەیدابوونی قاتی و قڕی، قازی عەلی و براکانی کە خاوەن گوند و موچە و مەزرا بوون، لە گوندەکانی پیروەلی باخی و گوێگجەلی، دانەوێڵەی پاشەکەوتی چەند ساڵەیان کردە دوو بەش. بەشێکیان بە نرخێکی گران بە دەوڵەت فرۆشت و بەشەکەی تریان بە خۆڕایی لە ناو خەڵکی هەژار و دەستکورتدا دابەش کرد و بەم شێوەیە خەڵکێکی زۆریان لە مردن ڕزگار کرد. هەر بۆیە خۆشەویستی و گەورەیی قازی عەلی و براکانی لە ناو خەڵکدا هێندی تر زیادی کرد.

قازی عەلی لە سەردەمی شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆدا نەچووە ژێر باڵی سمایل ئاغا و تێکەڵ بەم شۆڕشە نەبوو، هەر بۆیە کاتێک هێزەکەی سمایل ئاغا گەیشتە مەهاباد و ژاندارمێکی زۆر کوژران، سمکۆ فەرمان دەکا قازی عەلی بکوژن، بەڵام چەکدارەکان بە هەڵە مامی قازی عەلی واتە قازی لەتیف دەکوژن و قازی عەلی دەگرن و دوای ئەوەی بە قۆنداغی تفەنگ لە سەری دەدەن، قازی تا ڕادەیەک تووشی لەبیرچوونە دەبێ و هەروەها توانای بیستنی زۆر لاواز دەبێ. دوای ئەو ڕووداوە سمایل ئاغا لە کوشتنی قازی عەلی دەست دەکێشیتەوە و ئازادی دەکا. پاش ئەوەی بەشێک لە ماڵ و دووکانی مەهاباد لە لایەن هێزی سمایل ئاغا تاڵان دەکرێ، قازی عەلی بە برینداری و سەری هەڵپێچراوەوە دەچێتەوە لای سمایل ئاغا و داوای لێدەکا کەلوپەلی بە تاڵان براوی خەڵک بدەنەوە تا دانیشتوانی شار تووشی نەداری نەبن. لەو کاتەدا پیاوێکی سمایل ئاغا دێتە ژوور و دەڵێ قوربان بە فەرمانی جەنابت قازی عەلیم کوشت. سمایل ئاغا دەڵێ سەباب، قازی عەلی ئەوەتا لێرە دانیشتووە، داخوا گیانی چ داماوێکت بە هەڵە لە بری ئەو ئەستاندووە.
دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و شیهید بوونی قازی فەتاح و هاوڕێیانی، قازی عەلیش لە خێر و بێری ڕووسەکان بێبەش نەبوو، ماڵەکەی ئاگر تێبەر درا و بۆخۆی ڕەپێچەک درا بۆ زیندانی ورمێ. دوای ماوەیەک ئازاد کرا و هەر گەیشتەوە مەهاباد دووبارە دەستبەسەریان کردەوە و ئەوجار لە زیندانی حەیدەرئاباد بۆ ماوەیەک ڕاگیرا.
قازی عەلی بە هۆی ئەو زەبرەی کە شکاکەکان لە سەریان دابوو و چەند جار زیندان و ئەشکەنجەی ڕووسەکانیشی بەسەردا هاتبوو، لە کۆتاییەکانی ژیانیدا تووشی بێتاقەتی و لاوازی بوو، هەر بۆیە کوڕە گەورەکەی (پێشەوا قازی محەمەد) بە وردی چاودێری کار و باری باوکی دەکرد و هەوڵی دەدا نەخۆشی و لاوازی کار نەکاتە سەر حوکمەکانی و لە مەحکەمەکەیدا دادپەروەری پەیڕەو بکرێ.
قازی عەلی لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی (١٩٣١ی زایینی) کۆچی دوایی کرد و لە مەهاباد و موکریان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیێندرا و دووکان و بازاڕ داخرا. دوای کۆچی دوایی قازی عەلی، گەورەکان و مامۆستایانی ئایینی ناوچە، ئەرکی مەحکەمەیان خاستە ئەستۆی قازی محەمەد و داوایان لێکرد لە شوێنی باوکی دابنیشێ و حوکمی ناوچە وە ئەستۆ بگرێ.

سەرچاوەکان:
١. ڕۆژگاری ون بوو (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
٢. مێژووی گشتی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان (بە قەڵەمی قاسم قازی)
٣. لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان (بە قەڵەمی ئەحمەد قازی)
٤. کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاحی قازی)
٥. آزادی یا دار (بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی)

کۆ کردنەوە: د. ئەحمەد فەتاحی قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

Scroll to Top