ماڵپەری قازی

قاسم قادری قازی

ژیاننامەی مامە قاسم قادری قازی

قاسم قادری قازی کوڕی قازی قادر و نەوەی میرزا ڕەحمان (لە نێوان ساڵەکانی ١٢٦٥ تا ١٢٧٠ی هەتاوی) لە دایک بووە. مامە قاسم سەرەتا لە گوندی توختە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و وەرزێڕی بووە و تەنیا لە ئاستی خوێندنەوە و نووسیندا خوێندەواری هەبووە. لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بۆ ماوەیەک تووشی دەربەدەری هاتووە و دوای گەڕانەوەی بۆ زێدەکەی خۆی، لە لایەن ئاغایانی دێبۆکری کە جیرانە موڵکی بوون هێرشی دەکرێتە سەر و ناچار دەبێ زەوی و زارەکەی بە نرخێکی کەم بفرۆشێ و ڕوو لە شاری مەهاباد بکا و لە خانووی باوکیدا نیشتەجێ دەبێ. لە مەهاباد دەست دەکا بە خوێندن و بە هۆی لێهاتوویی و وشیاری، زۆر خێرا پلەکانی خوێندن دەبڕێ و ئاستی خوێندەواری و زانستیی بەرز دەبێتەوە. هاوکات لەگەڵ سەردەمی ڕەزا شای پەهلەوی لە مەهاباد خوێندنگەی فەرمی دادەندرێ و مامە قاسم لەو خوێندنگەیە وەک مامۆستا دەست بە کار دەکا. مامە قاسم مامۆستایەکی دڵسۆز و کوردێکی پاک و بە بڕوا بوو. لەو سەردەمدا کە کەس نەیدەوێرا باس لە کوردایەتی بکا، مامە قاسم لەگەڵ کوردەکانی دەرەوی وڵات پەیوەندی دروست دەکا و بە نهێنی خەریکی کاری سیاسی دەبێ. دوای ماوەیەک و لە دەستپێکی شەڕی دووەمی جیهانیدا، مامە قاسم و چەند کەسی تر، ڕێکخراوەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (کۆمەڵەی ژێ، کاف) دادەمەزرێنن و خۆی وەک ئەندامی هەیئەتی ناوەندی ئەم کۆمەڵەیە هەڵدەبژێردرێ.
ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی (١٩٤٢ی زایینی) مامە قاسم لەگەڵ دڵشاد ڕەسووڵی و عەبدولڕەحمان زەبیحی، بڕێکی زۆر پسوولەی یارمەتی و ئاڕم و بەیاننامەی کۆمەڵەی ژێ کاف لە شاری تەورێز چاپ دەکەن و لە کاتی گەڕانەوەدا لە لایەن دەزگای ئەمنی دەوڵەتی دەگیرێن و یەکسەر بەڕێ دەکرێن بۆ تاران. ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانە دەمێننەوە تا بارودۆخی ئێران دەگۆڕێ و ئەوانیش لە بەندیخانە ڕزگاریان دەبێ و دەگەڕێنەوە مەهاباد و دووبارە دەست دەکەنەوە بە کار و خەباتی سیاسی.
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەوڵێکی زۆری داوە و بەردەوام سەرقاڵی یارمەتیدانی کۆمار و بەڕێوە بردنی ئەرکی خۆی بووە، هەر بۆیەش دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئەمجارەش تووشی دەربەدەری و خۆحەشاردان هاتەوە و ماوەیەک لە شاری ورمێ بە نهێنی ژیان بە دەستەنگی و نەداری بەسەر دەبا. دوای ئەوەی دۆخی ناوچە ئارام دەبێتەوە، دەگەڕێتەوە مەهاباد و دەست دەکاتەوە بە مامۆستایەتی خوێندنگە و تا کۆتایی تەمەنی هەر درێژەی بەو کارە دا.
مامە قاسم جگە لە بواری سیاسی، مرۆڤێکی دڵگەورە و زانا بوو و کەسایەتییەکی بەڕێز و خاوەن بیروڕا بوو.
مامە قاسم لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی (١٩٦٢ی زایینی) بە هۆی نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی بداغ سوڵتان بەخاک ئەسپێردرا.

سەرچاوەکان:
ڕۆژگاری ون بوو (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
مێژووی گشتی حیزبی دیمۆکڕات بەرگی دوو (بە قەڵەمی قاسم قازی)
سالهای اضطراب، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاحی قازی)

Scroll to Top