
ژیاننامەی میرزا قاسم قازی
میرزا قاسم قازی کوڕی میرزا ئەحمەد ناسراو بە شێخولمەشایخ بووە.
میرزا قاسم لە تەمەنی مناڵییەوە لای باوکی فێری خوێندن و نووسین دەبێ و دوایی لە لای مامۆستایانی ئایینی شاری مەهاباد تا پلەیەکی بەرز دەخوێنێ و ئیزنی مەلایەتی وەردەگرێ. لە تەمەنی گەنجیدا لەگەڵ ئامینە خانم چاوڕەقان هاوسەرگیری دەکا و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە بریتی بوون لە: قازی عەلی (باوکی پێشەوا)، عەبدوڵا ناسراو بە قازی عەسکەر، ئەبولحەسەن ناسراو بە سەیفولقوزات و پیرۆزە خانم.
هاوسەری میرزا قاسم واتە ئامینە خانم لە تەمەنی گەنجیدا کۆچی دوایی دەکا و میرزا قاسم لەگەڵ فاتمە خانم کچی ئەمینولئیسلام هاوسەرگیری دەکاتەوە.
میرزا قاسم کەسایەتییەکی زانا، ئازا و هەڵکەوتە بووە و بە هۆی زانایی و زاڵبوون بەسەر زانستی ئایینی و یاسایی، ئەرکی دادوەری شاری مەهاباد و ناوچەی پێ دەسپێردرێ و بەوپەڕی لێزانی و لێهاتوویی کاروباری ئەو مەڵبەندە بەڕێوە دەبا و لەناو خەڵکدا ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆر بەدەست دەهێنێ. مەحکەمەی قازی قاسم هەموو کات شوێنی بانگ و هاواری خەڵکی ناوچە و کەسانی لێقەوماو بووە. ئەو مەحکەمەیە بۆتە جێگەی ئاشتەوایی لە نێوان خەڵک و بە تایبەت سەرۆک عەشیرەکان و بە هۆی دادوەری و وردبینی جەنابی قازی قاسم، شەڕ و کێشەی خەڵک چارەسەر کراوە و هەروەها بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی و پێڕاگەیشتن بە گرفتەکانی کۆمەڵگە، خانەی ئۆمێد و داڵدەی بێئەنوایان بووە. لە لایەکی تریشەوە قازی قاسم بە هۆی خۆشەویستی و ڕێزێکی تایبەت کە لە ناو خەڵکدا هەیبووە لە لایەن کاربەدەستان و حکومەتی ئەو کاتی ڕێز و پێگەیەکی تایبەتی هەبووە.
لە سەردەمی شۆڕشی هەمزەئاغای مەنگووڕدا، ئەمیر نیزامی گەڕووسی قازی قاسم وەک ڕاسپاردە دەنێرێ بۆ لای هەمزەئاغا. لەو دیدارەدا قازی قاسم بە هەمزەئاغا دەڵێ من ڕاسپاردەم و ناچار بووم بێم، بەڵام تۆ بە قسەم مەکە و بڕوا بە بەڵێنەکانی ئەمیر نیزام مەکە و مەیەوە مەهاباد، دڵنیام پیلانی کوشتنی تۆیان داڕشتووە. هەمزەئاغا بە قسەی دەکا و ناگەڕێتەوە مەهاباد. بەڵام ئەمیر نیزام دەست هەڵناگرێ، قورئانێک واژۆ دەکا و بە ئەفسەرێک بە ناوی ئیسماعیل بیگلەربەیگی دا دەینێرێ و پێی دەڵێ بەو قورئانە سوێند بۆ هەمزەئاغا بخۆ کە نایکوژین. بیگلەربەیگی پێش ئەوەی بگاتە لای هەمزەئاغا چۆلەکەیەک دەگرێ و لە باخەڵی دەنێ. کاتێک دەگاتە لای هەمزەئاغا قورئانەکەی لە پێش دادەنێ و دەست لەسەر سینگی دادەنێ و دەڵێ سوێند بەو قورئانە تا ئەو ڕوحە لەبەر ئەو لەشەدا بێ کەس کاری بە تۆ نییە. دیارە مەبەستی لە ڕوح و لەشی چۆکەلەکە بووە. هەر لە لای هەمزەئاغا دێتە دەر سەری چۆلەکەکە هەڵدەقەنێ و سوێندەکەی بەتاڵ دەکا. بەو پیلانە هەمزەئاغا دێتەوە و لە عەلی ئابادی مەهاباد لە لایەن ئەمیر نیزامەوە دەکوژرێ.
قازی قاسم یەکێک لە بڕوادارانی شێخ یۆسف ناسراو بە شەمسەدینی بورهان بووە و بۆ چاوپێکەوتن و زیارەتی جەنابی شێخ هەموو ساڵێک ڕووی لە خانەقای شێخ کردووە و لە لایەن شەمسەدینی بورهانەوە ڕێزی تایبەتی لێگیراوە. بە پێی سەرچاوەکانی دەستمان کەوتووە قازی قاسم لە دەیەی شەستی سەدەی سێزدەی کۆچی مانگی کۆچی دوایی کردووە و لە خانەقای شێخی بورهان بەخاک ئەسپێردراوە.
سەرچاوەکان:
مێژووی گشتی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان (بە قەڵەمی قاسم قازی)
کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
ڕۆژگاری ون بوو (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
کۆ کردنەوە:دوکتور ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی


