ماڵپەری قازی

ژیاننامەی ئەبولحەسەن سەیف قازی (سەیفولقوزات)

میرزا قاسم قازی و هاوسەرەکەی ئامینە خانم چاوڕەقان لە شاری مەهاباد لە ڕۆژی حەوتی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٢٥٥ی هەتاوی (١٨٧٦ی زایینی) دەبنە خاوەنی کوڕێک کە ناوی دەنێن ئەبولحەسەن. ئامینە خانم زۆر بە گەنجی کۆچی دوایی دەکا و خوشکەکەی بە ناوی پیرۆزە خانم ئاگاداری لێدەکا.
لە تەمەنی مناڵییەوە لە مەحکەمەی باوکی و لای مەلاکانی شار دەست بە خوێندن دەکا تا تەمەنی گەورە دەبێ، ئەوجار ڕوو لە شاری بۆکان و دوایی شاری سەقز دەکا و لە گوندەکانی سڵەمانکەندی و ئەنبار لە لای مامۆستاکانی وەک مەلا حەسەن قزڵجی و مەلا ساڵح سەزدەرئابادی درێژە بە خوێندن دەدا و ئیزنی مەلایەتی وەردەگرێ. پاش تەواو کردنی خوێندن دەگەڕێتەوە مەهاباد و دەست دەکا بە کاری دادوەری.
سەیفولقوزات سێ برا و خوشکێکی هەبوو بە ناوەکانی: قازی عەلی (باوکی پێشەوا)، میرزا عەبدوڵا ناسراو بە قازی عەسکەر، میرزا عەبدولڕەحیم و پیرۆزە خانم.
سەیفولقوزات سێ جار هاوسەرگیری کردووە. جاری یەکەم لەگەڵ زوبەیدە خانم کچی ئاغا شێربەگی فەیزوڵابەگی و خوشکی ئامینە خانم کە دەبێتە هاوسەری جەنابی قازی عەلی و دایکی پێشەوا قازی محەمەد. زوبەیدە خان و جەنابی سەیفولقوزات سەرەتا بوون بە خاوەنی چوار مناڵ بە ناوەکانی ئەحمەد، مەحموود، عەلی و یۆسف. یۆسف بە هۆی جوانی بە سەدری ناوزەد کرا. بەداخەوە هەر چوار کوڕ بە مناڵی کۆچی دواییان کرد. دوای ئەم کارەساتە و بۆ ماوەی چەند ساڵ بێ مناڵ مانەوە تا دووبارە ژیان ڕووی شادیی بەسەردا کردنەوە و بوون بە خاوەنی پێنج مناڵی تر بە ناوەکانی محەمەد حوسێن (شەهید محەمەد حوسێن خانی سەیف قازی)، فاتمە، حومەیڕا، عایشە و سوڵتان خانم. دوای کۆچی دوایی زوبەیدە خانم، لەگەڵ خانمێکی تەورێزی بە ناوی ڕوبابە خانم هاوسەرگیری دەکاتەوە و لەو ژیانە هاوبەشە دەبێتە خاوەنی کچێک بە ناوی تووران خانم. ڕوبابە خانم بە گەنجی کۆچی دوایی دەکا و جەنابی سەیفولقوزات دوای ماوەیەک لەگەڵ وەجیهە خانمی ئەفشار کە خەڵکی ورمێ و لە بنەماڵەی ناوداری ئەفشار بوو هاوسەرگیری دەکاتەوە. بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە چوار مناڵ کە بریتی بوون لە ئەحمەد (لە تەمەنی ١٧ ساڵی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد)، مەحبووبە (بە هۆی نەخۆشی لە تافی گەنجیدا کۆچی دوایی کرد)، ڕەحیم (دوکتور ڕەحیم سەیف قازی)، عەبدوڵا (لە تەمەنی گەنجیدا بە هۆی پیلانی ساواک لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل کۆچی دوایی کرد).
سەیفولقوزات پیاوێکی خوێندەوار و ڕووناکبیر بوو و بە هۆی هاتووچۆی زۆری بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، ورمێ، مەراغە و …. چاووگوێی بە باشی کرابۆوە و بە وردی ئاگاداری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕووداوەکانی ئێران بوو.
هەر بۆیە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بزاڤە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران هەبوو، بۆ نموونە لەگەڵ بزووتنەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز و حیزبی هیوا لە باشووری کوردستان و بزاڤی نەتەوایەتی لە موکریان پەیوەندی چڕوپڕی هەبوو.
دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، ئاگری بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە ئازەربایجان هەڵدەگیرسێ و ڕووناکبیران و دڵسۆزانی نەتەوەیی تێکەڵ بەم بزاڤانە دەبن، دیارە سەیفولقوزاتیش لەو کاروانە بەجێ نامێنێ و ساڵی ١٢٩٩ی هەتاوی (١٩٢٠ی زایینی) بە دامەزراندنی حیزبی “محەمەد” لە مەهاباد بەشێک لەو ئەرکە وەئەستۆ دەگرێ. بەرپرسانی ئەو حیزبە هەوڵیان دەدا بزووتنەوەکانی شێخ مەحموود لە سلێمانی و سمایل ئاغای سمکۆ لە ڕۆژهەڵات لێک نزیک بکەنەوە و هێزێکی گەورە و یەکگرتوو بۆ کورد پێک بهێنن. بۆ ئەو مەبەستە، سەیفولقوزات دەچێتە لای سمایل ئاغا و چەند ڕۆژ خەریکی وتووێژ دەبن، دوایی دەگەڕێتەوە مەهاباد و لەگەڵ چەند کەسایەتی تر بە سواری ئەسب و لە ڕێگەی سەقز و بانەوە ڕوو لە شاری سلێمانی دەکا و دەبێتە میوانی شێخ مەحموود. پلانی “حیزبی محەمەد” ئەوە دەبێ کە هێزەکانی شێخ مەحموود و هێزەکانی سمایل ئاغا لە نێوان سەقز و بانە یەک بگرنەوە و سپایەکی یەکگرتوو و گەورە دروست بکەن و بۆ ئازاد کردنی هەموو بەشەکانی کوردستان بەرنامە دابڕێژن و تێبکۆشن.
سەیفولقوزات جگە لە کاری سیاسی، لە هۆنینەوە و داڕشتنی شێعردا توانایەکی گەورەی هەبوو و لە هۆنراوەکانیشیدا هەستی نیشتمانپەروەری کوردایەتی شەپۆل دەدا.
لە سەرەتای دامەزرانی وەزارەتی فەرهەنگ لە ئێران، سەیفولقوزات وەک یەکەمین بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی مەهاباد دیاری دەکرێ و ئەویش لە ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی (١٩٢٢ی زایینی) یەکەمین خوێندنگەی کوڕانە بە ناوی (مدرسە سعادت) دەکاتەوە. ئەرکی بەرپرسیارەتی پەروەردەی مەهاباد تا ساڵی ١٩٢٦ی زایینی لە ئەستۆی سەیفولقوزات بوو.

سەیفولقوزات مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، ئازا، دڵسۆز، ڕووناکبیر، سیاسەتوان، شاعیر، خۆشنووس، شارەزای کاروباری یاسایی، کۆمەڵناس و پیاوێکی چالاک و هەڵسووڕ بوو و هەموو ئەم توانایانەی لە پێناو خزمەت کردن بە خاک و نەتەوەی کورد نابوو. هەر بە پێی ئەو دڵسۆزی بۆ نیشتمان و نەتەوەیە بوو کە لە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی پاڕلمانی ئێران (مجلس شورای ملی) بەشداری کرد. سەرەڕای کارشکێنی و تەنگوچەڵەمەی زۆری نەیاران، زۆربەی دەنگی خەڵکی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەری بەدەستهێنا. بەڵام بە پیلانی چەند کەس لە ئاغاوەت و دەستڕۆیشتووەکانی ئەو سەردەم، سندووقەکان دەستکاری دەکرێن و دەنگەكان دەگۆڕن، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەنابی سەیفولقوزات هیچ دەنگێک نەهێنێتەوە. دەگێڕنەوە کاتی خوێندنەوەی دەنگەکان، لەو سندووقەی کە جەنابی سەیف بۆخۆی دەنگی داوە، هیچ دەنگێک بە ناوی ئەو تۆمار نەکراوە، جەنابی سەیفولقوزات خودنووسێک لە باخەڵی دێنێتە دەر و دەڵێ ئەی ئەو دەنگەی بە جەوهەری سەوز بەو خودنووسە داومە بە خۆم کوا؟ ئەم پیلانە سەر دەگرێ و عەلی خانی حەیدەری خاوەنی گوندی حاجیاڵیکەند دچێتە پاڕلمان.
دوای ئەو شکستە داسەپاوە جەنابی سەیف بە پێشنیاری شێخی بورهان گوندەکانی گوێگجەلی، عەوڵاباد، موشیرئاباد و کانی کوزەڵە کە نیوە وێران و چۆل بوون لە حوسێن بەگی سونجاق دەکڕێتەوە و بۆ حەسانەوە و دوور کەوتنەوە لە دونیای پڕ لە جەنجاڵی سیاسەت ڕوو لە ژیانی گوند دەکا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گوندەکان ئاوەدان دەکاتەوە و دەست بە کاری کشتوکاڵ و بخداری دەکا. وەک هەموو بوارەکانی تری ژیانی، لەم بوارەشدا خاوەن بیرۆکەی سەردەمیانە و پێشکەوتوو بوو و یەکەم باخی مۆدێرن بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندازیارانی تەورێز و ورمێ لە گوندی گوێگجەلی دروست دەکا. باخی ئارەزوو یەکەمین باخی ئەندازیاری کوردستان و هێمای پەرە پێدانی بەرهەمە باخییەکانی کوردە کە دوای ئەو ناوچەی موکریان بوو بە ناوەندی باخداری پیشەیی لە کوردستان. هەروەها لە گوێگجەلی بینایەکی دەگمەنی دروست کرد کە خاوەنی دەیان ژوور و ڕێڕەو و دیوەخان و دەروونی و بیروونی بوو کە ئێستا بۆتە بینایەکی مێژوویی و خەڵک بۆ دیتنی ڕوو لەو گوندە دەکەن. جەنابی سیفولقوزات لەگەڵ هاوسەری سێهەمی واتە وەجیهە خانم تا کۆتایی ژیانی لەو گوندە ماوە.
پێشتر باسی هەست و توانای شاعیرانەی جەنابی سەیفمان کرد و بەم بۆنەوە زۆربەی پسپۆڕانی زمانی کوردی، سەیفولقوزات بە پیرەمێردی موکریان دەزانن و پێیان وایە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەدەب و هۆنراوەی موکریان لەسەر بەرهەمەکانی ئەو دامەزراوە. دیوانی شێعری سەیفولقوزات ساڵی ١٩٩٢ی زایینی لە تاران چاپ کرا. ڕۆژنامەی کوردستان لە ژمارە ۲٦ دا سەیفولقوزات بە شاعیری نەتەوەیی ناوزەد دەکا و کۆچی دوایی ئەو ئەستێرە گەشەی ئاسمانی شێعر و زانستی کوردستان بە خەسارێکی گەورە لە چاند و ئەدەبیاتی کورد ناو دەبا.
سەیفولقوزات ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی (١٩٤٤ی زایینی) کۆچی دوایی کردووە و لە خانەقای شەمسی بورهان بەخاک ئەسپێردراوە.

سەرچاوەکان:
١. مێژووی گشتی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان (بە قەڵەمی قاسم قازی)
۲. کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
۳. دەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان (بە قەڵەمی ئەحمەد قازی)
٤. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی کورد و قازی محەمەد (بە قەڵەمی دوکتور ڕەحیم سەیف قازی)
٥. آزادی یا دار (بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی)

کۆ کردنەوە: دوکتور ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

یەک لە هۆنراوەکانی جەنابی سەیفولقوزات

۱. کوردینه تابەکەی ئیمه میسالی دێو،
بێین و بچین و بۆ مه نەبێ قەت خودان و خێو
۲. خەڵکی هەموو له باغ و له شاران کەیف خۆشن
ئێمەش بڵاو و بێسەرە ماوین له دەشت و کێو
۳. بۆ عاسمان دەڕۆن و له بەحرا دەکەن سەفەر
هەر عەرزه نیشتگاهی مه، سەنعاته وەرد و شێو
۴. ڕێی وانه کەهکەشان و ڕێی ئیمه بەردەڵان
جێی وانه تەخت و بەخت و جێی ئیمه بەرد و کێو
۵. ڕەشماڵه ماڵ و کەشک و پەنیرە مەتاعی مه
قەسر و سەرای خەڵکی دییه پڕ له زێڕ و زێو
۶. لا هەڵدڕاو و جەرگ بڕاو و فڕیدراو
بێ شوێن و بێ نیشان، پەرێشانن و پەشێو
۷. فکرێ لە کاری خۆ کەن و بگرین به حاڵی خۆ
هەر بێسەریی و عەداوەتی خۆتانه دێته ڕێو
۸. ژێردەستیی و ئیتاعەتی بێگانه تا بەکەی؟
شەرمه له بۆمه هێنده ژیان بێ نیشان و نێو
۹. مەغبوونی هەر موعامەله، مەحکوومی هەر کەسێک
شاهان به مەحوی ئێمه دەبەستن گرێ و گرێو
۱۰. گوردانی کوردەکان! بەخودا ڕۆژی غیرەته
دەست دەینه خەنجەر و پیاوانه بێینه نێو
۱۱. هەر کەس که بیری تۆڵه و جێی بابی خۆی نەبێ
ئەو بێ بەشه له کوردی، دەریکەن نەیێتە نێو
۱۲. بۆچمانه ماڵ و سەر که لەسەر سەروەری نەچێ
کوڕ نابێ قەت بترسێ له زیندان و دار و چێو
۱۳. پێ هەڵگرن بگەینێ، که شەڕ، بۆ مه شاییه
دەست تێکگرن، درەنگه، جحێڵانه بچنه نێو
​۱۴. چون دوژمنن لەگەڵ یەک و بێ دەرس و مەدرەسەن
ڕاوو دەدەن بەجارێ، له هەورازێ بۆ نشێو
۱۵. ئەو ژینی بەو ڕەزالەته بۆ چیته چاوەکەم؟
بپسێین له ڕێی نەجاتی وەتەن با بە نێر و مێو
۱۶. سەرچوونی تەخت، ڕۆینی سەرداری پێ دەوێ
خۆشیمه بەو شەهادەتی شێخانه نێوبەنێو
۱۷. کوان گوردی کوردەکان، که له ترسیان دەلەرزی عەرز؟
کێ بوو له شام شا بوو، له میسرێ ببوو خەدیو
۱۸. ئازادی، سەربەخۆیی، میری و گەورەیی
داوا بکەن به زار و زمان و ددان و لێو
۱۹. تاکەی له باغی خەڵکی به زیزی و به ملکەچی
خۆشه له باغی عێلی چنینی هەنار و سێو
۲۰. بۆ وانه هەرچی جوانه له جێ و دێ و له ژن، له ماڵ
هەر شاخ و داخه بۆمه، کوڕی ڕەش، کچی دزێو
۲۱. هەر میللەتێ لەلاوه حەقی خۆی بەدەستەوە
کوردێ که سەر هەڵێنی، دەڵێن بۆته سەربزێو
۲۲. هەرچی دەبێ بڵا ببێ، قسەی حەق دەڵێ “حەسەن”
نیمه له ڕێی وەتەن غەمی دەرکردن و جنێو

Scroll to Top