
ژیاننامەی دوکتور جەواد قازی
جەواد قازی کوڕی حاجی شێخ جەلال و پیرۆزە خانم لە ساڵی ١٢٦٠ی (١٨٨١ی زایینی) کۆچی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. لە تافی مناڵییەوە تا تەمەنی ٢٢ ساڵی لە حوجرەی مزگەوتی شادەروێش لە لای مامۆستایانی ئەو سەردەم خەریکی خوێندنی زانستی ئایینی بوو. هاوکات لەگەڵ خوێندنی ئایینی، لە لای مسیۆنێرەکانی ئامریکایی کە لە مەهاباد نیشتەجێ بوون خەریکی خوێندنی زمانی ئینگلیسی بوو. ساڵی ١٢٨٢ی هەتاوی (١٩٠٣ی زایینی) خوێندنی ئایینی تەواو کرد ئیزنی مەلایەتی وەرگرت. هەمان ساڵ ئۆسکارمان، ڕۆژهەڵاتناسی بە ناوبانگی ئاڵمانی دوای ئەوەی چەند ساڵ لە لۆڕێستان خەریکی توێژینەوە و کۆ کردنەوەی زانیاری لەسەر کەلتووری لۆڕەکان بوو گەیشتە مەهاباد و هەوڵی دا لەسەر کەلتوور و دابونەریتی کوردیش درێژە بە توێژینەوە بدا. جەواد قازی بە هۆی ئەوەی زمانی ئینگلیسی دەزانی و هەروەها لە بنەماڵەیەکی ئەدیب و خاوەن پێشینە لە بواری شێعر و ئەدەب بوو، ئۆسکارمان وەک هاوکار بۆ توێژینەکانی خۆی دەستنیشانی کرد. بە هۆی شارەزایی و لێهاتوویی جەواد، لە ماوەی چەند مانگدا ئۆسکارمان توانی گەنجینەیەک لە ئەدەبی زارەکی کورد بە وەرگێڕانەوە کۆ بکاتەوە و بۆ یەکەمجار بەیت و حەیران و لاوکی کوردی بنووسرێتەوە و بکرێتە پەڕتووکێکی پڕ ناوەرۆک بە ناوی (تحفە مظفریە). دوای یەک ساڵ کە ئۆسکارمان کارەکانی لە مەهاباد کۆتایی هات، پێشنیاری بە جەواد کرد لەگەڵی بڕوا بۆ ئاڵمان و لەوێ درێژە بە خوێندن بدا. جەوادی گەنج و تینووی فێربوون دەستبەجێ پێشنیارەکەی پەسەند کرد و لەگەڵ ئۆسکارمان دەچێتە ئاڵمان. ساڵی ١٩٠٤ی زایینی لە شاری بێرلین نیشتەجێ دەبێ و لە زانستگەی ئەو شارە دەست دەکا بە خوێندنی زمانی ئاڵمانی و دوای تەواو کردنی زمانی ئاڵمانی لە زانکۆی قانوون وەرگیرا و تا ئاستی دوکتۆرای قانوون خوێندی. بە پێی لێکۆڵینەوەی مێژووناسانی ئێران، دوکتور جەواد قازی یەکەم کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە پلەی دوکتۆرای قانوونی لە وڵاتێکی ئوروپایی وەرگرتووە. یەک ساڵ دوای ئەو، دوکتور محەمەد موسەدیق لە وڵاتی سویس هەمان بەڵگەنامە بەدەست دەهێنێ. جگە لە خوێندنی ئایینی و خوێندنی ئاکادێمیک، دوکتور جەواد خاوەنی دەنگێکی بەسۆز و ڕەسەنی کوردی بوو و یەکەم تۆماری دەنگی کە لە گۆرانییەکی کوردی هەڵگیرابێ بە دەنگی دوکتور جەواد لە زانستگەی ئەدەبیاتی بێرلین تۆمار کراوە و ئێستاش ئەم گرامە دەنگییە لەوێ ڕاگیراوە.
دوکتور جەواد ساڵی ١٩١٣ی زایینی دوای ئەوەی بەڵگەنامەی دوکتۆرای یاسای وەرگرت، لە کۆنسولخانەی ئێران لە بێرلین دەستی بە کار کرد و ماوەی دوو ساڵ بەرپرسی ئەم کۆنسولخانەیە بوو. هەمان ساڵ لەگەڵ کچی دەریادارێکی ئاڵمانی بە ناوی بێئاتا هاوسەرگیری دەکا بەڵام مناڵیان نابێ. ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی (١٩٢٨ی زایینی) دوکتور جەواد لە بێئاتا جیا دەبێتەوە و بە بانگهێشتی دوکتور عەلی ئەکبەر داوەر، وەزیری وەزارەتی دادی ئەو سەردەم دەگەڕێتەوە وڵات تا بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتی ئێران هاوکاری بکا. دوای گەڕانەوە لە تاران نیشتەجێ دەبێ و دووبارە هاوسەرگیری دەکاتەوە.
دوکتور جەواد برازاکەی بە ناوی محەمەد هێنا تاران و وەک کوڕی خۆی باڵی بەسەردا کێشا و بۆ خوێندن ناردی بۆ زانکۆی تاران و محەمەد دوای وەرگرتنی بەڵگەنامەی لیسانسی قانوون لە وەزارەتی داد دامەزرا. دواتر محەمەد بوو بە بەناوبانگترین وەرگێڕی ئێران و زیاتر لە ١١٠ کتێبی لە زمانی فەڕانسەوی وەرگێڕاوە سەر فارسی و نازناوی مامۆستای وەرگێڕانی ئێرانی پێ بەخشرا.
دوکتور جەواد سەرەڕای ئەوەی دەیان ساڵ لە ژیانی خۆی لە دەرەوەی وڵات و دوور لە زێد و نیشتمانی خۆی بردە سەر بەڵام کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆزی خەڵک و نیشتمان بوو هەر بۆیە هەموو هەوڵێکی دەدا تا کوڕان و کچانی هەڵوەدای زانست ڕێنوێنی و پاڵپشتی بکا تا بۆ خوێندن بگەنە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. لەو کەسانە دەتوانین ئاماژە بە دوکتور مستەفا شەوقی قازی، دوکتور حەبیب ئیسماعیلزادە موکری، دوکتور حەسەن ئەیازی ئەسڵ، محەمەد قازی و چەندین لاوی تری کورد بکەین.
دوکتور جەواد قازی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی (١٩٣٦ی زایینی) لە تەمەنی ٥٥ ساڵی لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارە بە خاک ئەسپێردرا.
سەرچاوەکان:
ناودارانی مەهاباد، (بە قەڵەمی دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان)
رجال وزارت خارجه در عصر قاجار (بە قلم دوکتور ممتحن الدوله قشقایی)
مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
کۆکردنەوە و پێداچوونەوە: ناسر قازی




