ماڵپەری قازی

میرزا ئەبولقاسم سەدر قازی (سەدروئیسلام)

ئەبولقاسم سەدر قازی کوڕی قازی عەلی و برا چووکەی قازی محەمەد (پێشەوا) لە ڕۆژی ١٨ی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٢٨١ی هەتاوی (١٩٠٢ی زایینی) لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. دایکی ئەبولقاسم، گەوهەرتاج خانم کچی ئاغا شێربەگ سەرۆکی عەشیرەی فەیزوڵابەگی کە ئەوانیش بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر خانەدانی ئەیوبی بوو.
ئەبولقاسم تەمەنی مناڵ بوو کە دایکی کۆچی دوایی کرد، بەڵام زیبا خانم هاوسەری دووەمی قازی عەلی بە دڵسۆزی و مێهرەبانی خۆی، نەیهێشت مناڵەکان هەست بە بێ دایکی بکەن.
ئەبولقاسم سەرەتا لە لای باوکی فێری خوێندن و نووسین و زانستی ئایینی بوو و پاشان لە لای مامی واتە جەنابی سەیفولقوزات درێژەی بە خوێندن دا. سەدری قازی هەر لە سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی بوو و لە بواری سیاسی و زانستەوە بلیمەت و لێزان بوو. نووسەرێکی بە توانا و شاعێرێکی خاوەن هەست بوو. لە تەمەنی لاویدا لەگەڵ شاسوڵتان خانم کچی مستەفا بەگی فەیزوڵابەگی هاوسەرگیری دەکا و بەرهەمی ئەم ژیانە هاوبەشە بریتین لە: دوکتور کەماڵ، عەبدوڵا خان، گەوهەر تاج خانم (خانمە خانم) و توبا خانم.
سەدری قازی لە (کۆمەڵەی ژێ کاف)دا ئەندام بوو و دوایی لەگەڵ برا گەورەکەی (پێشەوا قازی محەمەد) و ئامۆزاکەی (محەمەد حوسێن خان سەیفی قازی) حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانیان دامەزراند و لەو حیزبەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو.
بە هۆی کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە هەیبوو لە لای خەڵکی شار و ناوچە زۆر خۆشەویست بوو و هەموو لایەنەکان ڕێزێکی تایبەتیان بۆ دادەنا. بە هۆی لێهاتوویی و قسەزانی و دڵسۆزی کە بۆ خەڵک و نیشتمان هەیبوو لە خولی ۱٤ی پاڕلمان و بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، وەک نوێنەری شاری مەهاباد و ناوچەکە هەڵبژێردرا و بۆ کار لە پاڕلمان ماڵی گواستەوە بۆ تاران و لە سەردەمی نوێنەرایەتی پاڕلماندا بەردەوام سەرقاڵی چارەسەری کێشەی ناوچەی موکریان بوو و ببوو بە جێی هاوار و پەنای لێقەوماوانی کورد لە تاران. جگە لەوە، زۆر بە چڕی چاودێری خوێندکارانی کوردی دەکرد و بەردەوام لە بواری دارایی و ئیداری هاوکاری ئەم کوردانەی دەکرد کە لە کوردستانەوە بۆ خوێندن ڕوویان لە تاران کردبوو.
دوای تەواو بوونی خولی ١٤ی پاڕلمان هەر لە تاران دەمێنێتەوە و لەوێوە خەرکی کاری سیاسی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی کورد بوو. لە کاتی کۆماری کوردستاندا وەک نوێنەری کۆمار لە تاران کاری دەکرد و زۆربەی وتووێژەکان و چاوپێکەوتنەکانی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و خودی شای ئێران لە لایەن سەدری قازی جێبەجێ دەکران. ئەو بە وردبینی و وشیاری خۆی هەستی بەوە کردبوو ڕۆژێک دێ کە یەکێتی سۆڤیەت پشت لە کۆمار دەکا و هەر بۆیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و کەم کردنەوەی خوێنڕشتن لە کوردستان، پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی نەبڕی و قورسایی کاری دیپلۆماسی نێوان کۆمار و تاران لەسەر شانی ئەو بوو. لە سەردەمی کۆماردا دەیان جار لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرانی تری ناوەند کۆ بۆوە و دوو جار چاوی بە شا کەوت.
جگە لە کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە تاران، زۆر جاریش بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆک عەشیرەکانی کوردستان دەهاتەوە موکریان و بە شارەزایی خۆی گرفتی نێوانیانی کۆتایی پێدەهێنا. سەدری قازی لە لەگەڵ لێژنەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد لە لایەن دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەت بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەکی کەلتووری و فەرهەنگی لە کۆماری ئازەربایجان بانگهێشت کرا و چەند ڕۆژ لە شاری باکۆ میوانی حکومەتی سۆڤیەت بوو. سەدر هەموو هەوڵ و تێكۆشانی بۆ ئەوە تەرخان کرد کە بیرۆکەی برا گەورەکەی واتە پێشەوا وەدی بێ و کوردستان بە ڕزگاری و سەربەستی بگا.
لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی (١٩٤٦ی زایینی)، قەوامولسەلتەنە بانگهێشتی سەدری قازی دەکا و پێی دەڵێ گەر قازی محەمەد بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان بێتە تاران و لێرە وتووێژ بکەین ئەگەری هەیە بتوانین بە دەرەنجامێکی سیاسی بگەین. جەنابی سەدر بە تێلێگراف بانگهێشتەکەی قەوامی بە پێشەوا ڕاگەیاند. پێشەوا سەرەتا سەردانی جەعفەر پیشەوەری ڕێبەری جومهوری ئازەربایجانی لە تەورێز کرد و ڕۆژی پێنجی مانگی پووشپەڕ لەوێوە بە فڕۆکە گەیشتە تاران. پێشەوا قازی ماوەی بیست ڕۆژ لە تاران ماوە و لەو ماوەیەدا پێنج جار لەگەڵ قەوام و سێ جار لەگەڵ ڕەزمئارا و جارێک لەگەڵ محەمەد ڕەزا شا دانیشتنیان هەبوو. بەڵام ئەم چاوپێکەوتنانە دەستکەوتێکی گەورەی بۆ دۆزی کورد نەبوو و حکومەتی ناوەندی ئامادە نەبوو مافە ڕەواکانی کورد لەبەرچاو بگرێ.

لە ڕۆژی ۲۱ی دێسەمبەری ساڵی ١٩٤٦ی زایینی سپای ئێران پێشەوا قازی محەمەد و محەمەد حوسێن خان و چەند کەسی تر لە سەرکردەکانی حیزبی دیمۆکرات و کۆماری کوردستان دەگرێ، سەدری قازی بە پەلە خۆ دەگەیێنێتە تاران و یەکسەر دەچێتە لای قەوامولسەلتەنە و دەڵێ تۆ بەڵێنی خۆت نەبردە سەر، ئێستا پێشەوا و هاوڕێیانی گیراون. هەر بۆیە دەبێ فەرمان بکەی ئازادیان بکەن. لە وڵامدا قەوام دەڵێ ئەوە کاری سپای ئێرانە و من هیچ دەسەڵاتێکم بەسەر ئەواندا نییە. سەدر بە ناهۆمێدی دێتە دەر و دەچێتەوە ماڵی خۆی. دوای یەک کاتژمێر چەند ئۆتۆمبێلی سەربازی پڕ لە چەکداری سپا هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەری دەکەن و دوای دوو ڕۆژ بە دەست و چاوی بەستراو ڕەوانەی مەهابادی دەکەنەوە.
کاتێک دەگەنەوە مەهاباد، پێش ئەوەی بیبەن بۆ گرتووخانەی پادگان، ئیزن دەدەن سەردانی مناڵەکانی بکا. لەو یەک کاتژمێرەدا کە لەگەڵ ئەفسەری سپای ئێران دەچێتەوە ماڵەکەی لە مەهاباد، بە ماڵ و مناڵەکانی دەڵێ ئێمە تووشی کارەسات دەبین، هەروەها پێیان دەسپێرێ بۆ ڕزگار کردنیان ڕوو لەکەس نەکەن و لەبەر کەس نەپاڕێنەوە.
دوای سێ مانگ دادگایی نادادپەروەرانە و دوور لە هەر پڕەنسیبێکی یاسایی، بڕیاری سێدارەیان بۆ دەردەچێ. دادگای پێداچوونەوەش بڕیارەکە پشتڕاست دەکاتەوە و لە شەوی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی (١٩٤٧ی زایینی) بڕیاری دادگا جێبەجێ کرا و پێشەوا و سەدری قازی و محەمەد حوسێن خان سەیفی قازی بوون بە سەرقافڵەی شەهیدانی ڕزگاری کوردستان.

سەرچاوەکان:
١. ڕۆژگاری ون بوو (بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
٢. مێژووی گشتی حیزبی دیمۆکرات، بەرگی ٢ (بە قەڵەمی قاسم قازی)
٣. لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمان (بە قەڵەمی ئەحمەد قازی)
٤. کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاحی قازی)

کۆ کردنەوە : ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

Scroll to Top