ماڵپەری قازی

قازی لەتیف

ژیاننامەی قازی لەتیف

عەبدوللەتیف قازی کوڕی میرزا ئەحمەد قازی و برای قازی فەتاح و میرزا قاسم (باپیری پێشەوا قازی) لە ساڵی ١٢٤٠ی هەتاوی (١٨٦١ی زایینی) لە دایک بووە. لەتیف سەرەتا لای بابی دەستی بە خوێندن کرد و دوایی لای مامۆستایانی ئایینی ئەو سەردەم درێژەی بە خوێندن دا و تا ڕادەیەک لە فێربوونی زانستی ئایینی و یاسایی چڕ بۆوە کە لە تافی لاویدا پلەی بەرزی خوێندەواری بەدەست هێنا و وەک دادوەری شاری مەهاباد دیاری کرا. قازی لەتیف لەگەڵ خانمێک بە ناوی ئامینە خانم هاوسەرگیری کرد کە بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە بریتی بوو لە چوار کوڕ و سێ کچ بە ناوەکانی (سوڵتان خانم، گەوهەرتاج خانم، نەزاکەت خانم، مستەفا، کەریم، عەزیم، محەمەد). قازی لەتیف جگە لەوەی دادوەرێکی خاوەن بڕیار و بەڕێزی ناوچەی موکریان بوو، لە داڕشتنی شێعریشدا دەستێکی باڵای هەبوو و بە زمانەکانی فارسی و کوردی هۆنراوەی بەهێزی دەهۆندەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەو سەردەمدا دەبوونە مایەی قسەوباسی ئەدەبی. قازی لەتیف لەگەڵ دوو برای خۆی بە ناوەکانی میرزا مەجید و میرزا ئەحمەد گوندێکیان لە دەراوی چۆمی مەهاباد کە دەگاتە دەریاچەی ورمێ بە ناوی گردی یاقووب کڕیبوو. دوای ماوەیەک میرزا مەجید بەشی خۆی لەم گوندە وەرگرت و لەوێ گوندێکی دروست کرد و ناوی نا کۆنەدێ. خاوەنی موڵکەکانی دراوسێی ئەم گوندانە ئاغاوەتی دێبۆکری بوون. ئاغایانی گوندی خوڕخوڕە بە ناوەکانی هەمزە ئاغا، فەتاح ئاغا و خەلیل ئاغا، بە پێی بنەمای سروشتی ئاغاوەتی ئەو سەردەم، تەماحیان لە موڵک و زەوی و زاری ئەم کوڕانەی قازی ئەحمەد کرد و دەستیان کرد بە ئازار و کێشەنانەوە. تا وای لێهات میرزا ئەحمەد بە دەستی هەمزە ئاغا کوژرا. قازی لەتیف لە تاوی لەدەستدانی براکەی و بەهۆی نائۆمێدی لە حکومەت و دەسەڵاتی ئەو کات و بە فیڕۆ چوونی خوێنی براکەی، سەری هەڵگرت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد. ماوەیەک لە ماڵی شێخ محەمەد سەدیق کوڕی شێخ عوبەیدولای کوڕی شێخ تەهای نەهری ماوە. شێخ محەمەد سەدیق تێلێگرافێکی بۆ شێخ عەبدولقادری برای نارد و داوای لێکرد سەبارەت بە پەنابەری و مافی هاووڵاتیبوونی قازی لەتیف لە تورکیەی عوسمانی هاوکاریان بکا.

وڵامی تێلێگرافی دەوڵەتی عوسمانی زۆر دڵخۆشکەر بوو. لە وڵامەکەدا نووسرابوو جگە لەوەی مافی شارۆمەندی دەوڵەتی عوسمانی دەدرێ بە قازی لەتیف و بنەماڵەکەی، دەوڵەت ئامادەیە جێگە و ڕێگەی ژیانێکی شیاویان بۆ دابین بکا و لە موڵکی خالیسەی دەوڵەتی زەوی و زار و ئامرازی کشتوکاڵیان ڕادەست بکا. پاش ئەم تێلێگرافە، قازی لەتیف ڕۆیشت بۆ ئیستانبووڵ. ناکۆکی قووڵی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی ئێران بوو بە هۆی ئەوەی زۆر بە گەرمی پێشوازی لە قازی لەتیف بکەن و وڵامی داواکانی بە ئەرێنی بدەنەوە. لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی ئێران کە نەیدەویست هیچ بیانوویەک بداتە دەستی عوسمانییەکان تا سنوور ببەزێنن یان دەست لە کاروباری ئێران وەربدەن، داوایان لە کۆنسولی خۆیان لە ئیستانبووڵ کرد کە بەڵێن بە قازی لەتیف بدەن هەموو داواکانی جێبەجێ دەکرێن و خوێنی براکەی بە فیڕۆ ناچێ بە مەرجێک بگەڕێتەوە ئێران و لە عوسمانی نەمێنێ. قازی لەتیف بە بەڵێنی کۆنسولی ئێران ڕازی بوو و گەڕاوە مەهاباد و دەوڵەتیش بەڵێنەکەی بردە سەر و هەمزە ئاغا و فەتاح ئاغا، خاوەنی گوندی خوڕخوڕەیان گرت و ماوەیەکی دوورودرێژ لە بەندیخانەی تاران ڕاگیران. ئەم بەسەرهاتە لە ڕۆژنامەی ناسری، ساڵی چوارەم، ژمارە ٢٢، ڕۆژی دووشەەمە بیستەمی جەمادیولئەوەلی ١٣١٥ی کۆچی مانگی واتە ١٨٩٨ی زایینی بە وردی باس کراوە و ئێستا نموونەیەکی لە زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگەی تەورێز هەڵگیراوە. دوای چەند ساڵ شەڕی یەکەمی جیهانی ڕووی دا و دوای شەهید بوونی قازی فەتاح لە مەهاباد، چەندین کەس لە بنەماڵە و خزمانی قازی فەتاح لە لایەن سپای ڕووسییەوە دەستبەسەر کران و بۆ ناوچەی سیبری ئەو وڵاتە دوور خرانەوە. یەکێک لەم دیلانە قازی لەتیف بوو. دوای دوو ساڵ و نیو، بە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیە ئەم دیلانە ئازاد کران، قازی لەتیف بە ڕێگەی لەهێستاندا خۆی گەیاندە تورکیە و لە ئیستانبووڵ چاوی بە سوڵتانی عوسمانی کەوت و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و ماوەیەک لە لای مستەفای کوڕی کە لە زانکۆی پزیشکی ئیستانبووڵ خەریکی خوێندن بوو مایەوە. قازی لەتیف بەهۆی ئەوەی سەفەرێکی زۆری بۆ وڵاتانی میسر، سعوودی، تورکیە و هەروەها ماوەی دوو ساڵ و نیو بە دیلی لە ڕووسیە ژیابوو، مرۆڤێکی دونیادیدە و خاوەن ئەزمون و شارەزا بوو. دوای گەڕانەوەی بۆ مەهاباد زۆری نەخایاند کە شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ سەری هەڵدا. سمایل ئاغا بۆ سەرکوتی هێزی سەربازی پادگانی مەهاباد هێرشی کردە سەر ئەو شارە و بە هۆی ناکۆکی پێشتر کە لەگەڵ قازی عەلی و سەیفولقوزات (باب و مامی پێشەوا) هەیبوو، فەرمانی کوشتنی ئەو دوو کەسەی دەرکرد. کەچی چەکدارەکانی سمایل ئاغا بە هەڵە قازی لەتیف دەکوژن. ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی (١٩٢١ی زایینی) ڕووی داوە. تەرمی قازی لەتیف لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لە خانەقای شەرەفکەند و لای شێخی بورهان بە خاک ئەسپێردرا.
لێرەدا پێویستە چەند دێڕ لە شێعرەکانی قازی لەتیف وەک نموونە بنووسین:
ای زلف تو مار سیهی یا کە شب تار
یا عقرب جرارەای بر گرد رخ یار
یا کافری یا هندوی خورشید پرستی
یا لشکر زنگی کە بری حملە بە تاتار
یا خاطر دلدار کە از جور رقیبان
تاریک و پریشانی و آشفتە و بیمار
……………
بەهار هات و شەقایەق هاتە دەر وەعدەی تەماشایە
سکونی عاشقان لێرە بەدوا بێ وەقع و بێ جایە
وەنەوشە هات و خۆی ڕانا لە سەحرایی مەلاحەتدا
نیقابی عیسمەتی لادا کە مەهروو شێوەیان وایە
چەمەن پڕ بوولە بووکی سادە ڕەشکی حۆری ڕیزوانن
دەمەن ئاڕایشی خۆی دا دەڵێ فیردەوس ئاوایە
لەنێو خاری جەفا گوڵ هاتە دەر خەندان دەبێ یەکسەر
سەراسەر لالەیی حەمڕا شەبیهی بووک بە تارایە
لەبەر سافی هەوا دنیا وەکوو ئاوێنەی سافە
کەفی هاموون یەدی بەیزا و فەلەک ئەمڕۆکە مووسایە
لە جیلوەی ساقیانی بەزمی گوڵ سەرگەشتە بوو بولبول
سەبەب ئاشوفتەگی مەجنون، کریشمەی چاوی لەیلایە
لە ناڵەی بولبول و دەنگی چەکاوەک شیوەنی قومری
وەکوو بازاڕی یۆسفی میسری دڵ پڕ شۆر و غەوغایە
نە تەنها من گرفتاری کەمەندی زولفی مشکینم
هەموو زەڕاتی عالەم مەستی چاوی کاڵی شەهلایە
لە ناڵەی بای سەبا ئەمواتی عالەم جوملە بوو ئیحیا
مەگەر پەیغامی یاری پێیە یا ئاهی مەسیحایە
نەسیمی سوبح موژدەی دا کە یاری دڵڕوبا ئەمڕۆ
بە وەجهی مەڕحەمەت مەیلی وەفاداری لەسەر دایە
……..
سەرچاوەکان:
مێژووی گشتی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان (بە قەڵەمی قاسم قازی)
کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی (بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی)
کتێبی “منظومە شمسی” (بە قەڵەمی ئەبوبەکر خوانچە سپێهرەدین)
ڕۆژگاری ون بوو (بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی)
کۆ کردنەوە: دوکتور ئەحمەد فەتاح قازی و قاسم قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی

Scroll to Top