جەعفەر قازی

جەعفەر قازی؛ کۆلکەزێڕینەی هونەر و ئەندێشە

​جەعفەر قازی (١٣٣٣ – ١٣٧٦ ک.هـ)، ئەو هونەرمەندە تاقانە و خاوەن هزرە بوو کە ژیانی خۆی لە نێوان تێکۆشانی سیاسی، قەڵەمی وێنەگەری و جیهانی پڕ لە ڕەنگی کوردایەتیدا بەسەر برد. ئەو نەک هەر تەنیا وێنەکێشێک، بەڵکوو پارێزەرێکی دەستڕەنگینی فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەکەی بوو.

​لەدایکبوون و پێگەیاندن

​جەعفەر قازی لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ڕەسەن و فەرهەنگدۆست لە شاری مەهاباد چاوی بە دونیا هەڵێنا. کوڕی عەبدولڕەحمان قازی و حەلیمە خانم عوسمانی بوو. هەر لە منداڵییەوە نیشانەکانی زیرەکی و وردبینی تێدا بەدی دەکرا و خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی بە سەرکەوتوویی لە مەهاباد تێپەڕاند. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، یەکەمین هەنگاوە جیدییەکانی بەرەو جیهانی هونەر هاویشت و یەکەم تابلۆی خۆی بە ڕەنگی ڕۆنی کێشا.

​قۆناغی زانکۆ و زیندان

​بۆ درێژەدان بە خوێندن، ڕووی لە زانستگەی بابولسەر کرد و لە بەشی ئابووری سیاسی وەرگیرا. بەڵام دڵی ئەو تەنیا بۆ هونەر لێی نەدەدا، بەڵکوو ئازادی نەتەوە و نیشتمان خەمی گەورەی ئەو بوو، هەر بۆیە لە ساڵی ١٣٥٤دا بەهۆی چالاکی سیاسی لە لایەن ساواکەوە دەستبەسەر کرا و حوکمی ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. پاش سێ ساڵ خۆڕاگری، لە ساڵی ١٣٥٧ و هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، لە زیندان ڕزگاری بوو.

​ژیانی هاوبەش و خێزانی

​لە ساڵی ١٣٥٨دا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ گەلاوێژ خانم سەدیقی (کچی هونەرمەندی ناودار خەلیل سەدیقی) پێک هێنا. بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە سێ منداڵ بە ناوەکانی (بەفرین، محەمەد دڵشاد و سیامەند) بوو، کە لە سایەی باوکێکی هونەرمەند و دایکێکی پەروەردەکاردا گەورە بوون.

شاكارە هونەرییەکان و خزمەت بە گەلی کورد

​دوای هاتنەوەی لە زیندان، جەعفەری بیرمەند بە گوڕوتینێکی زیاترەوە گەڕایەوە ناو دونیای هونەر. ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە ناوەندی بڵاڤۆکی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی (سەڵاحەدین ئەیوبی) لە ورمێ بوو بە بەرپرسی بەشی هونەری و وەک بڕبڕەی پشتی ئەم بەشە درێژەی بە کار و خزمەت دا. کارەکانی بریتی بوون لە:

  • ​وێنەگەری: کێشانەوەی زیاتر لە ١١٠ تابلۆی بەنرخ کە ناوەرۆکیان لەسەر مێژوو، فۆلکلۆر و سیمای کەسایەتییە ناودارەکانی کورد پێکهاتووە. یەکێک لە کارە ناوەزاکانی کە تا ئەودەم نەکرابوو کێشانەوەی بەیت و حەیرانە کوردییەکان لە چەندین تابلۆی جیاوازدا و زیندوو کردنەوەی ئەویندارانی ناکامی کورد.
  • گرافیک و دیزاین: نەخشاندنی بەرگی گۆڤاری “سروە” و کتێبە کوردییەکان کە مۆرکێکی تایبەتی بە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە بەخشی.
  • پەیکەرتاشی: لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، ڕووی کردە پەیکەرتاشی و سیمای نه‌مرانی وەک (هێمن، هەژار و وەفایی) لە بەرد و گەچدا زیندوو کردەوە.
  • ​نەخشاندن و دیزاینی دەوری لاپەرەکانی قورئانی پیرۆز بە خەتی ڕەحمان قازی، باوکی بەرێزی.
  • ئەو پێی وابوو هونەر نابێ تەنیا لاسایی کردنەوە بێ، بەڵکوو دەبێ پەیامێکی مرۆیی و قووڵی تێدا بێ. هونەری وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسی بەکار دەهێنا و پێی وابوو مرۆڤ لە دەربیجەی هونەرەوە دەتوانێ هەناسەیەکی تەندروست بۆ ڕوحی هەلمژێ.

هەروەها لەو پەیجەدا دەتوانن کارەکانی جەعفەر قازی ببینن

https://www.instagram.com/jafar_ghazii==

​ئەو هەمیشە دەیگوت:

​”هونەر دەبێ ببێتە زمانێک بۆ پاراستنی دڵبەندی و ڕەسەنایەتی نەتەوەیی و مرۆیی.”

​کۆچی دوایی

​سەد مەخابن، لە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٦دا، ئەم دەستە ڕەنگینە و ئەم مێشکە پڕ لە ئەندێشەیە، لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕێگەی ورمێ-مەهاباد، ماڵئاوایی لە ژیان کرد. تەرمەکەی لە بەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی مەهاباد بە خاک ئەسپێردرا، بەڵام ڕەنگ و تابلۆکانی بۆ هەمیشە وەک چرایەک لە مێژووی هونەری کوردیدا بە گەشی دەمێننەوە.

لێرەش چەند تابلۆیەک لە کارەکانی جەعفەر قازی

Scroll to Top