
ژیاننامەی دوکتور ڕەحیم سەیف قازی:
دوکتور ڕەحیم قازی کوڕی ئەبولحەسەن سەیف قازی ناسراو بە سەیفولقوزات و دایکی وەجیهە خانمی جاوید کە لە بنەماڵەی ناوداری ئەفشارەکانی ورمێ بووە. سەیفولقوزات و وەجیهە خانم خاوەنی چوار مناڵ بوون: ئەحمەد کە لە تەمەنی ۱۷ ساڵی کۆچی دوایی کرد، مەحبووبە کە بە مناڵی بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، عەبدوڵا کە بە ڕووداوێکی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا و ڕەحیم. ڕەحیم لە ساڵی ۱۳۰۵ی هەتاوی (۱۹۲٦ی زایینی) لە گوندی گوێگجەلی سەر بە شاری میاندواو لە دایک بوو.
ڕەحیم سەرەتا لە لای باوکی فێری نووسین و خوێندننەوە دەبێ و دواتر خوێندنی فەرمی لە خوێندنگەی مەهاباد درێژە پێدا. دوای کۆتایی هاتنی خوێندنگەی سەرەتایی دەگەڕێتەوە گوندی گوێگجەلی و وەک باوک و برا گەورەکەی واتە محەمەد حوسێن خان دەست دەکا بە کشتوکاڵ و باخداری.
ڕەحیم قازی بەهۆی هەڵکەوتەی بنەماڵەکەی و تێکەڵبوونی باوک و باپیرانی لەگەڵ کاروباری سیاسی، هەر لەسەرەتای مناڵییەوە لەگەڵ ئەم کەشوهەوایە ئاشنا بوو. لە فیلمێکی بەڵگەیی ڕووسیدا کە تێیدا دیداری چەند ئەفسەری یەکێتی سۆڤییەت و چەند سەرۆک عەشیرەتی ناوچەکە تۆمار کراون، ڕەحیم لە تەمەنی ۱٦ یان ۱۷ ساڵیدا دەبیندرێ.
ڕەحیم قازی لە خەرمانانی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی (۱۹٤۵ی زایینی) لەگەڵ گەوهەرتاج خانمی سەدری قازی (کچی شەهید سەدر) هاوسەرگیری کرد. ڕەحیم قازی و گەوهەرتاج خانم دوای ساڵێک بوون بە خاوەنی کوڕێک کە ناویان نا حەسەن ( مامۆستا حەسەن نووسەر، وەرگێر، توێژەری مێژوو بەتایبەتی لە بواری زمان و مێژووی ناوچەیی و هەر وەها مێژووی کۆماری کوردستان). نەمر سەعید خان هومایون لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ من و ڕەحیم قازی بۆ پەیوەستبوون بە کۆمەڵەی ژیانەوە کورد (کۆمەڵەی ژێ کاف) لە ماڵی … کەریمی سوێندمان خوارد، ئەو ناوی نهێنی هۆگری بۆخۆی هەڵبژارد و منیش ناوی ئاگرم بۆخۆم دیاری کرد.
ڕەحیم قازی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی (١٩٤٥ی زایینی) لە یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێمۆکڕات بەشداری کردووە و لە وێنەی ئەم کۆنگرەیە لە ڕۆژی ٨ی بانەمەڕی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی لە ناو بەشداربوواندا دەبیندرێ. هەروەها لە فیلمێکی بەڵگەیی کە لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ۲٦ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی (١٩٤٥ی زایینی) لە مەهاباد هەڵگیراوە دێتە بەرچاو.
دوای پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕەحیم قازی لە ناو ئەو هێزەدا لە بەرەی هەوشار بەشداری دەکا.
ڕەحیم قازی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکا بۆ پاراستنی ئاسایشی مەهاباد، شەوانە لە خزمەت پێشەوادا سەردانی کێشکچی و قۆڵسوورەکانی شاریان دەدا.
جگە لە کاروباری هێزی پێشمەرگە و چاودێری ئاسایشی شار، لە نووسینی وتار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا چالاک بوو و بە دەربڕینی هەست و دڵسۆزی خۆی کاریگەری لەسەر هەست و نەستی خوێنەران دادەنا.
لە سەرەتای خاکەلێوەی ساڵی۱۳۲۵ی هەتاوی بە نووسراوێکی فەرمی لە لایەن سەرهەنگ محەمەد نانەوازادە وەک فەرماندەی گشتی هێزی گشتی کۆماری کوردستان ڕەحیم قازی بە ئەفسەری کۆمار دیاری دەکرێ و وەک سەرۆکی لقی ۲ی پۆلی ۳ دەستنیشان کراوە.
هەر لە ساڵی ۱۳۲٥ی هەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) پۆلێکی پەنجا کەسی لە گەنجانی کورد بۆ خوێندن لە زانستگەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە شاری باکۆ بەڕێ دەکرێن کە ڕەحیم قازی یەکێک لەم گەنجانە بووە. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانە دەگەڕێنەوە کوردستان بەڵام چەند کەس لە یەکێتی سۆڤیەت دەمێننەوە و درێژە بە خوێندن دەدەن کە ڕەحیم بڕیار دەدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئێران. ڕەحیم قازی لە ساڵی ۱۳۲٦ی هەتاوی (١٩۴٧ی زایینی) سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی یەک لاپەڕەیی بووە بە ناوی کوردستان وەک ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بڵاو بۆتەوە، لەو ڕۆژنامەیەدا بە دەیان نووسینی هەیه. هەروەها یەک لە هەڵسووڕێنەرانی ڕادیۆ کۆمەڵ بووە کە بۆ ماوەی چەند ساڵ لە باکۆ بڵاو بۆتەوە. ڕەحیم قازی لە زانکۆی مێژووناسی شاری باکۆ درێژە بە خوێندن دەدا و ساڵی ۱۳۳۳ی هەتاوی (١٩٥٤ی زایینی) پلەی دوکتۆرا لە زانستی مێژوودا وەدەست دەهێنێ.
دوکتور ڕەحیم قازی بۆ جاری دووەم لە شاری باکۆ لەگەڵ ڕیما خانم خەڵکی ئۆکرانیا هاوسەرگیری دەکا و دوو کچی بە ناوەکانی مریەم و کەتانە قازی بووە.
دوکتور ڕەحیم دوای وەدەستهێنانی پلەی دوکتۆرا سەرقاڵی کاروباری سیاسی و نووسین و وەرگێڕانی کتێب بوو.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی (۱۹۷۹ی زایینی) و تێکڕووخانی حکومەتی پەهلەوی، دوای ۳۳ ساڵ دوورە وڵاتی گەڕاوە زێدی خۆی و لە کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ڕەشەمەی ۱۳٥٨ی هەتاوی کە لە مەهاباد بەڕێوە چوو وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.
دوکتور ڕەحیم و چەند کەسی تر لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی پێیانوابوو حیزبی دێمۆکڕات لە ڕێگەی دانوستان و وتووێژ لەگەڵ حکومەتی تاران مافەکانی کورد دەستەبەر بکا، کەچی حکومەتی تاران هیچ بایەخێکی بۆ ئەم وتووێژانە دانەدەنا و شتێکی بە ناوی مافی کورد نەدەسەلماند. ئەم پێداگرییە لەسەر دانوستان وای کرد کە دوکتور ڕەحیم و چەند کەسی هاوڕای لە کۆمیتەی ناوەندی وەلا بنرێن. ئەو ئەندامانە دوای جیابوونەوە لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات ڕەوتێکیان پێکهێنا بە ناوی لایەنگرانی کۆنگرەی چواری حدکا کە دوای ماوەیەک کار و چالاکییەکانیان ڕاوەستا. دوای ئەم دابڕانە، دوکتور بڕیاری دا بگەڕێتەوە یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ درێژە بە کاری خۆی بدا. دوای گەڕانەوەی بۆ باکۆ دەستی دایەوە نووسین و لێکۆڵینەوە و چەندین بەرهەمی تری پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد. دوکتور ڕەحیم لە ڕۆژی ۱۹ی بانەمەڕی ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی (١٩٩١ی زایینی) لە نەخۆشخانەی باکۆ لە تەمەنی ٦۵ ساڵی بە هۆی نەشتەرگەری هەڵە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئەم شارە بە خاک ئەسپێردرا.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە ناوی بەرهەمەکانی دوکتور ڕەحیم قازی دەکرێ:
۱. وەرگێڕانی چەند بەش لە کتێبی لە زیندان و ئازادیدا نووسینی ئوستون گێل
۲. وەرگێڕانی بەشێک لە ڕۆمانی بەرەو لێواری دەجلە نووسینی حاجی موراد موگویێف
۳. وەرگێڕانی بەشێک لە ڕۆمانی دیپلۆمات نووسینی جەیمز ئالدریچ
٤. کتێبی خواستەمەنی کوڕی کورد بە زمانی تورکی ئازەری
٥. ڕۆمانی پێشمەرگە بە زمانی ئەرمەنی، ئازەربایجانی، کوردی کورمانجی و ئینگلیسی وەرگێڕدراوە.
٦. سیهەمین ساڵی بزووتنەوەی پیرۆزی گەلی کورد (لەگەڵ عەلی گەلاوێژ)
۷. قازی محەمەد و مەسەلەی خودموختاری کوردستانی ئێران
٨. قاضی محمد و جنبش ملی کوردستان
۹. قازی محەمەد و بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد
۱۰. باسێک لەمەڕ محاکەمەی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی
دوکتور ڕەحیم قازی چەندین بەرهەمی ئەدەبی گرینگی تری هەیە و چەند لەو ڕۆمانانە بە شێوەی زنجیرە لە ڕۆژنامەی کوردستان چاپی باکۆ بڵاو کراونەتەوە. هەروەها ساڵی ۱۳٦٥ی هەتاوی (١٩٨٦ی زایینی) کتێبێکی بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی نووسی و هەر ئەو ساڵەش چاپ و بڵاو کراوەتەوە بە ناوی “قازی محەمەد و بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد”. کتێبێکی بە زمانی تورکی ئازەری نووسیوە و لە باکۆ چاپ و بڵاو کراوەتەوە بە ناوی “خواستەمەنی کوڕی کورد”.
۱. سەرچاوەکان: پرسیاری خوێندکارێک لەبارەی ژیانی دوکتور ڕەحیم قازی بە قەڵەمی مامۆستا حەسەن قازی
۲. آزادی یا دار بە قەڵەمی محەمەد ڕەزا سەیف قازی
۳. کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی بە قەڵەمی خەلیل فەتاح قازی
کۆکردنەوە: دوکتور ئەحمەد فەتاح قازی
پێداچوونەوە: ناسر قازی












