دەروازە:
مێژوو دایکی هەموو زانستەکانە و سەربوردەی بنەماڵەی قازی بەشێکە لەو مێژوویە. مێژووی بنەماڵەی قازی لە سەردەمی بوداغ سوڵتانی موکری (سەدەی یازدەهەمی کۆچی مانگی) دەست پێدەکا. لەو کاتەوە کە میری موکری دریازی گوێزتەوە و مەهابادی ئێستای کردە پایتەختی موکریان. بەسەرهاتی بنەماڵەی قازی تێکەڵەیەکە لە ڕەنج و ئازار، بەدبەختی و بەختەوەری، بەشێکە لەو شەڕ و خێرانەی کە لە چوارسەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر ناوچەی موکریان و بەسەر کورد و کوردستاندا هاتوون.
لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دراوە، بە یارمەتی وێنە، بەڵگەنامە، نووسراوە و ئەو بەسەرهاتانەی کە پشتاوپشت هاتوون و دەماودەم گێڕدراونەتەوە، تیشک بخرێتە سەر وردەکاری و بەشی شاراوەی ژیانی ئەو بنەماڵەیە و سەروبەرێکی پێبدرێت. مەبەستیشی ئەوەیە کە ١. ئەو بەشە لە مێژووی کورد لەفەوتان ڕزگار بکات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بنەماڵەی قازییەوە هەیە،٢. مەجال بڕەخسێنێ بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ بزانن کە بنەماڵەی قازی کێن و چیان کردووە و چۆن ژیاون و بەریان بە کوێوەیە و ٣. لە ڕێگەی تیشک خستنە سەر ئەم گۆشەیە لە مێژووی نیشتمانەکەمان، دیوی جوانی مێژووی کورد پێشان بدات و ڕێگە لە دوبارەکردنەوەی هەڵەکان بگرێت و لە ئاکامدا کۆمەڵگەکەمان گەشە بکات و نەتەوەی ئێمەش وەک گەلانی بەختەوەر گرەوی ژیان بباتەوە.
داتا و زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە حیکایەتخوانی هەوراز و نشێوەکانی ژیانی بنەماڵەی قازییە. داستانی سواربوون و دابەزین، تێهەڵچوون و تێکچوون و بەرزی و نزمی ژیانی ئەندامانی بنەماڵەی قازییە. ئەم ماڵپەڕە بۆخۆی چێشتی مجێورێکە و پڕە لە چیرۆک و قسەی نەستەق و بەسەرهاتی سەیروسەمەرە. لەم ماڵپەڕەدا وێنەکان پڕن لە چیرۆک و بەسەرهاتەکان پڕن لە وێنە و بەڵگە نامەکان تژین لە جۆری ژیانی ئیداری و سیاسی و ئابووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان.
ئەم ماڵپەڕە پێمان دەڵێ کە پێشەوا قازی محەمەد لە چ بەستێنێکی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیدا سەریهەڵدا. پێمان دەڵێ، ئەم درەختە باڵا بەرزە لە چ خاکێکدا چەکەرەی کرد و لە کام ڕووبار ئاوی خواردەوە و مام و باب و باپیر و ئامۆزا و بنامۆزا و خەڵکەکەی چ ڕۆڵێکیان لە پێگەیاندنی ئەم درەختە و دواتر لە بەبیابانکردنی ژینگەی ئەم گوڵەدا هەبوو. ئەم ماڵپەڕە پێمان دەڵێ کە میرزا ئەحمەدی قازی لە نیوەی کۆتایی سەدەی هەژدەهەمی زایینی چۆن و بە چ مەبەستێک عەشایری کوردستانی لە دیواندەرە کۆ کردەوە، باس لە پەیوەندی ئەم بنەماڵەیە لە گەڵ شێخ محەمەدی خیابانی و جووڵانەوەی مەشرووتە دەکات. باس لە پێگەی بەرزی ژن لەو بنەماڵەیەدا دەکات. باس لە گیانبازیی ئەم بنەماڵەیە لە جەنگی یەکەمی جیهانی و باس لە یەکەم مەدرەسە دەکات کە هێنایانە موکریان. باس لەوە دەکات کە مامۆستای شاعیرانی موکریان بوون. باس لە ڕۆڵی ئەم بنەماڵەیە لە دامەزراندنی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگە و سروودی نیشتمانی و سەرقافڵەکەیان، پێشەوا قازی محەمەد دەکات. باسی هونەری شیعر و داستان و خۆشنووسی و نیگارکێشی مۆسیقا و گۆرانی و شانۆنامەی ئەم بنەماڵەیە دەکات. باسی کەسی یەکەمی وەرگێڕانی ئێران دەکات. باسی تەنزنووسی و باسی یەکەم ڕۆماننووسی کورد و باسی یەکەم ژنی نووسەری کورد دەکات کە توانی وەک یەکەم ژن لە لای سەرووی دیوەخانی مەزاری نووسەران و شاعیران دابنیشێت … .
بە گوتەی خەییام ئەم ماڵپەڕە شوێنی دابێژتنی خاک و خۆڵی مەزاری باب و باپیرانی بنەماڵەی قازییە. باسی خەبات و باسی دەیان شەهید دەکات کە پێشکەشی بارەگای ئازادی و دێموکراسیان کردووە. باسی بنەماڵەیەک دەکات کە سەردەمێک تانجی خونکاری بەسەریانەوە بووە و سەردەمێک وەک حەسەنەکی وەزیر بە تاوانی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری بەسەر سێدارەدا شەکاونەتەوە. بنەماڵەیەک کە سەردەمێک پاڵیان بە گەوهەربەندەوە داوە و ڕکێفیان هێنانەوەتە ئەسپی نەبەردی و چاکی مەردایەتیان بەلادا کردووە و سەردەمێکیش لە ژێر سمی ستەمی ئەسپی دەوراندا سماون. ئەو ماڵپەڕە، سەرەڕای ئەو لاپەڕە ڕەنگینانەی، پێمان دەڵێ، کچینە، کوڕینە، سەد داد و هەزار ئامانە، نان ئەو نانە کە لە خوانە و، پیاوی پیاو و ژنی مەرد ئەو کەسانەن کە بە هەویای شاقەلی خۆیان دەچنە ناو ئەو ژیانە.
ئەو ماڵپەڕە، زۆر بێ و بۆر بێ، کاولاشێکی ناشیرین بێت، یا دیوەخانێکی ڕەنگین و زەنگین، بەرهەمی ماندووبوون و گەلەکۆمەکی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی قازی و هەموو ئەو کەسانەیە کە بە وێنەیەک یا بە بەڵگەیەک یا بە وشەیەک بەردێکیان خستووەتە سەر قەڵای ئەو خانەدانە. ئەم ماڵپەڕە هەوڵی زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کە بە سینەیەکی فراوان دەرکی ماڵ و ئاڵبۆم و سندووق و بوخچە و کات و توانایی خۆیان بەسەر ئەم ماڵپەڕەدا واڵا کردووە و ئەوجار ئەم گەنجینەیان لەسەر خوانچەیەکی ڕەنگاوڕەنگ داناوە و خستوویانەتە بەر دەست و دیدەی ئێوەی بەڕیز بۆ ئەوەی هەرکەس پێویستی پێی هەبوو، گۆزە ئاوی خۆی لێ پڕ بکات و بڕوا.
تێبینی:
ئەو ماڵپەڕە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ زیادکردنی ناو و بەڵگەنامە و وێنەی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی قازی کە بە هۆی جۆراوجۆر ناویان تۆمار نەکراوە.



